نەبیل خوری پزیشک و
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە لوبنان رایگەیاندووە، یاریی " Pop it"، زۆر بەکارهێنانی لەلایەن منداڵانەوە فشاری دەروونیان زیاد
دەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەرکیز و ئاستی فێربوون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان
دەبێت.
ماڵپەڕی فۆشیا ئاماژەی
بە زانیارییەکانی ئەو پزیشکە کردووە و رایگەیاندووە، یاریی " Pop it" پارچەیەکی پلاستیکییە و شێوەی جیاواز و هەمەڕەنگە و وەک
تەقاندنی بڵق وایە، منداڵان بەکاریدەهێنن.
نەبیل رونیکردووەتەوە
"تایبەتمەندی ئەم یارییە بۆ فێربوونە، چونکە دەتوانیت دووبارە و چەند بارە
بەکاریبهێنیتەوە، هەستی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کەمدەکاتەوە، زیاتر بۆ منداڵانی
ئۆتیزم و ئەوانەی گرفتی دەروونی و گۆشەگیرییان هەیە دروستکراوە".
ئەو پزیشکە هۆشداریی
بە دایکان و باوکان دەدات، ئەگەر منداڵەکەیان ئالوودەی ئەم جۆرە یارییە بێت مەترسیدارە،
چونکە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی تەرکیزی منداڵەکە، بەتایبەت ئەوانەی لە
خوێندنگەن ئەرکەکانی خوێندنگەکەیان پشتگوێ دەخەن و بیرەوەرییان خراپ دەکات، لەگەڵ
ئەوەشدا دەبنە کەسانێکی گۆشەگیر.
نەبیل داوا لە باوان
دەکات کاتی بەکارهێنانی ئەم یارییە بۆ منداڵەکانیان دیاری بکەن، ئەمەش لە پێناو
پاراستنی تەندروستیی هۆشیان و دووبارە تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ ئەندامانی
خێزانەکەیان.
ئ.ل