بۆچی نابێت جبسی پەتاتە بدرێت بە منداڵ؟

PM:03:19:08/11/2021

6368 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵان کۆمەڵێک هۆکاری خستووەتە ڕوو کە دەریدەخەن نابێت جبسی پەتاتە بدرێت بە منداڵ، چونکە مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و کلۆربوونی ددانی لێدەکەوێتەوە.

پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاماژەی بە ١٠ هۆکار کردووە کە نابێت جبسی پەتاتە بدەیت بە منداڵەکەت، ئەوانیش:

یەکەم: قەڵەوی ‌و کێشی زیاد: بڕێکی زۆر چەوری‌ و وزەی تێدایە کە مەترسیی توشبوون بەنەخۆشییەکانی شەکرە و دڵ زیاد دەکات.

دووەم: بڕێکی زۆر خوێی سۆدیۆمی تێدایە کە مەترسی توشبوون بە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن زیاد دەکات بەمەش ئەگەری لەکارکەوتنی گورچیلە و جەڵتەی مێشک زیاد ئەکات.

سێیەم: بڕێکی زۆر لەچەوری جۆره‌ خراپەکەی تێدایە کە توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.

چوارەم: هۆکارێکە بۆ کلۆربوونی ددانەکان.

پێنجەم: بڕێکی زۆر چەوری زەیتی خراپی تێدایە و پێکهاتەی جبس کەمترین ماددەی سودبەخشی بۆ گەشەی منداڵەکە تێدایە.

شەشەم: هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵەکە هەمیشە هەست بەبرسێتی بکات ‌و داوای جبسی تر بکات، چونکە بڕێکی زۆر کاربۆهیدرات‌ و نیشاستەی تێدایە کە دەبێتە هۆی ناڕێکی لەئاستی شەکری گلوکۆز و هۆڕمۆنی ئەنسۆلین.

حەوتەم: چالاکی مێشکی منداڵەکە زیاد دەکات، بۆیە دەبێتە هۆی جوڵەیەکی زۆر و لە سروشتیی منداڵەکە جیاوازە.

هەشتەم: لەئەنجامی پڕۆسەی دروستکردنی جبسی پەتاتەکە ماددەیەک دروستدەبێت کە پێیده‌وترێت (acrylamide) کە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

نۆیەم: خواردنی جبسی پەتاتەی زۆر هۆکارێکە بۆ توشبوون بە وشکبوونەوەی منداڵ.

دەیەم: بۆ ژنی سکپڕ مەترسیی لەسەر ژیانی کۆرپەکە دروستدەکات‌ و لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی کۆرپەکەی.

ئ.ل