لە وڵاتێک ئەوانەی بە سینگڵی دەمێننەوە زیاتر دەبن لەوانەی هاوسەرگیری دەکەن

PM:04:29:22/10/2021

4304 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت ئەمریکییەکان دووردەکەونەوە لە هاوسەرگیری و بەگوێرەی پسۆپڕان ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە ماوەی چەند ساڵێکی تردا ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن دەبنە کەمینە.

ماڵپەری واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بڕیاریان داوە هاوسەرگیری نەکەن بەڕێژەیەکەی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ژامرەکە زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ئەگەر بەراورد بکرێت بە چەند دەیەی پێشوو.

هاوکات باسی لەوەش کردووە، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیرییان نەدەکرد لەساڵانی حەفتاکاندا لە %٩ی تێنەپەڕاندووە کە تەمەنیان لەنێوان ٢٥ بۆ ٥٠ ساڵدا بووە، پاشان لە ساڵانی دواتردا %٢٠ زیادی کردووە، کە بیرکردنەوە لەوە هاوسەرگیری بکەن یاخود نا مێشکی خەڵکی زۆر داگیرکردبوو.

لەم مانگەشدا توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکراکرا کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی بلووەوە ئەنجامدراوە و دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٩ دا ڕێژەی ئەو ئەمریکیانەی کە هاوسەرگیرییان نەکردووە و لەگەڵ هیچ هاوبەشێکدا نەژیاون بەرزبووەتەوە بۆ %٣٨ .

هاوکات بەگوێرەی توێژینەوەکە ئەم گرووپە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پەیوەست نین بە هیچ پەیوەندییەکەوە یان ئەوانەی خێزاندار بوون و پاشان جیابوونەتەوە، ماڵپەڕەکە باس لەوەش دەکات گەورەترین دابەزین لە ڕێژەی خێزاندارەکان لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە بووە و شارەزایان دەڵێن، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هەرگیز هاوسەرگیریان نەکردووە نەیانویستووە بیکەن زیادی کردووە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەی ئەمریکی دەبێت.

هاوکات بەگوێرەی نوسەر شارلس بلو کە بیروڕای تایبەتی خۆی دەربڕییوە، دەڵێت:" وابڕوات لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕێژەی ئەو کەسانەی هاوسەرگیری ناکەن زیاتر دەبێت لەوانەی هاوبەشی ژیانیان هەیە و هاوسەرگیری دەکەن و ئەمان دەبنە کەمینە لە کۆمەڵگادا".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە بابەتەکە هەستیارە و دەرهاویشتەی زۆری دەبێت چوونکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا و کاریگەریشی دەبێت لەسەر سیستەمی باجدان و ئەو ئیمتیازاتە کۆمەڵایەتییانەی بۆ خەڵکی دابیندەکرین.