چەند ڕێنماییەک سەبارەت بەو پەتایەی ئێستا لەناو خەڵک بڵاوبۆتەوە

PM:05:31:21/10/2021

24164 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ گۆڕانی وەرز و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەگەری توشبوون بە پەتای (پژمە کۆکە و لەرز و تا) زیاد دەبێت، بۆئەوەی بەدووربن لەم پەتایە پێویستە ئاگاداری ئەم رێنماییانە بن کە لەلایەن پزیشکانەوە ئامەژەیان پێدراوە.

پزیشکی شارەزای گشتی شێروان کۆساری، لەبارەی پەتای وەرزییەوە وتی: ماوەی چەند هەفتەیەکە پەتایەکی ڤایرۆسی لەناو خەڵکیدا بڵاوبۆتەوە، بەگشتی خەڵک بەشێوەیەکی مام ناوەند بۆ توند دەیگرن و هەندێکیشیان بە سووکی تووشی دەبن.

ئەو پزیشکە لەپێناو خۆپارستن و لەم نەخۆشییە چەند روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئەوانیش:

- ئەم پەتایە پەتایەکی ڤایرۆسیە و بەکتریایی نیە

- نیشانەکان بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە (پژمە، کۆکە، لەرز و تا، قوڕگ ئێشە، سەر ئێشە، بێتاقەتی، قاچ ئێشە)

- بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکرن (وەکو ئەمۆکسلین و ئەزیسڕۆمایسین و تەواوی ئەنتیبایۆتیکەکانی تر) بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکا لەبەرئەوەی ئەو دەرمانانە بۆ هەوکردنی بەکتریایی بەکاردێن و بۆ هەوکردنی ڤایرۆسی هیچ سوودێکی لێنابینی.

- هەندێک حاڵەتی کەم هەیە کە لە لایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێت کە لەگەڵ هەورکردنە ڤایرۆسیەکە، نەخۆش تووشی هەورکردنی بەکتریایی دەبێت، لەو کاتەدا بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک ئاساییە.

- نیشانەکانی ئەم پەتایە بە نزیکەیی هەمان نیشانەکانی کۆڕۆنایە و جیاکرنەوەیان ئاسان نیە، بۆیە پێویستە نەخۆش ئامۆژگاری تەنها لە پزیشک وەربگرێ

- بە بەراورد بە کۆڕۆنا، ئەم پەتایە خێراتر بڵاو دەبێتەوە، زۆرجار یەک ئەندامی خێزانێک بە نزیکەیی تەواوی ئەندامەکانی تر تـوش دەکات لە ماوەیەکی زۆر کورت .

ـ پێویستە هەمان ڕێکارەکانی خۆپارێزی کۆڕۆنا بۆ ئەم پەتایە پەیڕەو بکرێ وەکو مانەوە لە ماڵەوە، ماسک کردن لەکاتی چوونەدەرەوە، دەست شوشتن.

- چارەسەر: ئیسراحەتی تەواو، وەرگرتنی شلەمەنی زۆر، پاراسیتامۆڵ.

ـ بەهیچ شێوەیەک دەرزی تێکەڵە (ڤۆڵتارین و دیکادرۆن) بەکارمەهێنە، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت سوودی لێببینی بەڵام دواتر کاریگەری زۆر مەترسیدار لەسەر جەستە بەجێدەهێڵێت.