ئایا پەبجی و ماڵپەڕە سێکسییەکان لە عێراق رادەگیرێن؟

PM:08:15:20/10/2021

21148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان فشارێکی زۆریان لێدەکەن بۆ ئەوەی یاری پۆپجی قەدەغە نەکرێت و ماڵپەڕە سێکسیەکان دانەخرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، رەعد مەشهەدانی، وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانى عێراق لە لێدوانێکى تایبەت بە ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، پێشتر وەزارەتەکەی کاری لەسەر داخستنی ماڵپەڕە سێکسیەکان و قەدەغەکردنی یاری پۆپجی کردووە بە شێوەیەکی فەرمی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێکاڕانە چەند رۆژێك لەسەر رێچکەی خۆی بووە و فشارێکی زۆریان لەلایەن پەرلەمانەوە لێکراوە بۆ وەستانی کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیە.

باسی لەوەشکرد، پەرلەمان فەرمانی بە وەزارەت کردووە رێگە بەیاری پۆپجی بدات و ماڵپەڕە سێکسییەکانیش بەکراوەیی بمێننەوە.

ئەوەشی خستوتەڕوو، وەزارەت کەوتووەتە ژێر فشارێکی زۆر لەلایەن لایەن سیاسیەکانەوە و ئەو پڕۆژەیە نزیکەی چوار ملیار دۆلاری دەگەڕاندەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

مەشهەدانی دەشڵێت، لەماوەی پێشوودا فەرمانێکی وەزارییان بەدەستگەیشتووە کە تایبەتە بە داخستنی ئەو ماڵپەڕانەی کاردەکەنە سەر پەروەردەی منداڵ و گەنجان و دەستبەجێ کاریان لەسەر ئەو پڕۆژەیە کردووە، بەڵام پڕۆژەکە ئیفلیج کراوە.