سوودە تەندروستییەکانی دەنکی کەتان بۆ جەستە و پێست

PM:06:42:19/10/2021

10552 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی خۆراک ئاماژەی بەوە کردووە، دەنکی کەتان بێجگە لە یارمەتیدانی دابەزاندنی کێش، چەندین سوودی تەندروستیی بۆ جەستە هەیە چ بە کوتراوی یان کوڵاوی یاخود زەیتەکەی بێت کە هەریەکەیان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

کامەران رەسوڵ ژاژڵەی پسپۆڕی زانستی خۆراک لەوبارەیەوە ئاشکرایکردووە، دەنکی کەتان چەندین بەهای خۆراکی هەیە لەوانەش، بڕێکی زۆر که‌م وزه‌ی تێدایه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ چەورییە ناچڕەکان وەک ئۆمێگاسێ و ئۆمێگا شەش و مادده‌ی دژه‌ ئۆکسانه‌کان و ڤیتامینه‌کانی وەک ئەی، بی، دی لەگەڵ ئی، کانزاکانی وه‌ک ئاسن، مه‌گنسیۆم، مه‌نگه‌نیز، کالسیۆم، له‌گه‌ڵ بڕێکی زۆرله‌ ماددە ڕیشاڵییەکان و ڕێژه‌یه‌کی که‌م کاربۆهیدرات و بڕێک پڕۆتینی تێدایە.

ئەو پسپۆرە گرنگترین سووده‌کانی دەنکی کەتانی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

یەکەم: یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات، چونکە دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵییەکان کە یارمەتی زوو تێربوون دەدات، چەورییە ناچڕەکانی ناوی زۆر بە سوودن بۆ پێدانی وزە بە لەش.

دووەم: بەهێزکردنی تەندروستی دڵ، یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن و خۆپاراستن له‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشک و نه‌خۆشی ته‌سک بوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌کان دەدات۰

سێیەم: یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کولیستڕۆڵی خراپ دەدات، چونکە ڕیشاڵەکانی ناوی ڕێگە دەگرێت لە هەڵمژینی چەورییە خراپەکان.

چوارەم: چارەسەری قەبزی دەکات، دەنکی کەتانی کوتراو بۆ نەهێشتنی قەبزی بەکاردێت، ئەویش بکرێتە ناو نان و سەموون و زەڵاتە و ماستەوە.

پێنجەم: بەهێزکردن و چالاککردنی بەرگریی جەستە، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزا و ماددە دژە ئۆکسانەکان و ماددە ڕیشاڵییەکان .

شەشەم: توێکڵی کەتان ڕۆڵی هەیە لە خۆپاراستن له‌ چه‌ندین جۆری شێرپه‌نجه‌ .

حەوتەم: کەمکردنەوەی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی لە خانماندا، لەگەڵ ئەوەشدا بە سوودە بۆ یارمەتیدانی چارەسەری تێکچوونی هۆرمۆنەکان و لاوازی سێکسی خانمان.

هەشتەم: به‌هێزکردنی یاده‌وه‌ری و زیادکردنی ئاستی هۆرمۆنی دڵخۆشی و چاککردنی میزاج .

نۆیەم: بەسوودە بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی پێست و گه‌شبوونه‌وه‌ی و چارەسەری ئەکزیما و هەوکردنی پێست و بە هێزکردنی مووەکانی قژ دەدات.

دەیەم: یارمەتی چارەسەری کۆکە دەدات، نیو کاتژمێر پێش خواردنی ژەمەکان یەک کەوچکی چێشت لە دەنکی کەتانی کوتراو بخەرە ناو کوپێک ئاوی گەرم و یەکسەر بیخۆرەوە و دواتر پەرداخێک ئاوی تر بخۆرەوە .

ئ.ل