ئازاری گەدە هۆکارێکە بۆ ئەوەی بە زوویی ڕاوێژ
بە پزیشک بکەیت، چونکە ئاماژەیە بۆ نەخۆشی جۆراوجۆر وەک هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرەوە و
هەبوونی بەردی گورچیلە.
دکتۆر ئەناستاسيا سكلادتشيكوفا پسپۆڕی پزیشکی هەناویی
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئیزفێستیا"، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین
جار ئازاری گەدە کاتێک ڕوودەدات کە کۆئەندامی هەرس هەڵبئاوسێت بەهۆی خواردنی ئەو خۆراکانەی
دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدرات، کە بە خراپی و ناتەواو هەڵدەمژرێن لە ڕیخۆڵە باریکەدا،
ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دروستبوونی غازات، ئەم کێشەیە دەتوانرێت بە خواردنی هەندیک
دەرمان چارەسەر بکرێت.
هەروەها هەستکردن بە ئازار رەنگە پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی
میزڵدان و بۆرییەکانی میزەوە هەبێت، کە زۆرجار
سکچوونیشی لەگەڵدایە، یان هەبوونی بەردی گورچیلە.
بە وتەی ئەو لە ئەگەری ئازارێکی زۆردا پێویستە
پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت بۆ ئەوەی کەسەکە بە دوور بێت لە نەشتەگەری و بە خێرای
چارەسەر بکرێت.
زۆرجار ئازارەکە دڵەکزێ و ترشەڵۆکی لەگەڵدایە،ئەم جۆرە زۆرجار ئاماژەیە بۆ هەوکردنی پەردەی سورێنچک و گەدە و دوانزەگرێ.
یەکێک لە نیشانەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە ئەوەیە
کە ئازارێکی لەرادەبەدەر لە ناوچەی ناوکدایە، کە وردە وردە بۆ بەشی خوارەوەی لای ڕاستی
سک بڵاودەبێتەوە و لەوانەیە ڕشانەوە لەگەڵیدا بێت، هەروەها لەگەڵ کۆکە و هەناسەدانی
قووڵتر و توندتری لەگەڵدایە.
بە وتەی ئەو پزیشکە ئازار بەهۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی
زاوزێیەوە زۆرجار لە بەشی خوارەوەی سکدا روودەدات.
لە کۆتاییدا پزیشکەکە ئامۆژگاری ئەوەمان دەکات،
لە حاڵەتی ئازارێکی توند و بەرگە نەگیراو لە سکدا، پێش هاتنی تیمی پزیشکی فریاگوزاری
دەرمانی ئازارشکێن نەخۆن، چونکە لەوانەیە نەخۆشییەکی توند بشارنەوە کە پێویستی بە
نەشتەرگەری هەیە، بۆیە لەم دۆخەدا دەبێت ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێ بکەیت، هەر بۆیە
بە شێوەیەکی گشتی پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئازارەکە
و دۆزینەوە چارەسەری گونجاو بۆی.