زۆرێک لە دایکان و باوکان ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە
دەبنەوە کە منداڵەکانیان نایانەویت بڕۆن بۆ قوتابخانە بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە قۆناغی
سەرەتایی خوێندندان، هۆکارەکەشی بەهۆی هۆگربوونیانەوەیە بە دایک و باوکیانەوە.
ماڵپەڕی"mirror"ی بەریتانی سەبارەت بەو بابەتە چەند ڕێنماییەکی
خستووەتە ڕوو، ئەوانیش:
یەکەم: سەرەتا پێویستە وا لە منداڵەکەت بکەیت کە
ڕۆشتن بۆ قوتابخانە بەلایەوە چێژبەخش بێت، بۆ ئەمەش پێویستە کاتی خەوتن و هەستانی ڕێکبکرێتەوە،
بەیانیان زووتر هەستێت و ژەمی نانی بەیانی بۆ ئامادە بکرێت و بیخوات.
دووەم: بۆئەوەی زیاتر منداڵ قوتابخانەی خۆشبوێت
باشترە بەردەوام باس لە سوودەکانی نوسین و خوێندنەوە بکەیت بۆ منداڵ، ئەویش لەڕێگەی
چیرۆک و گۆرانییەوە زیاتر بۆی ڕوونبکرێتەوە.
سێیەم: بۆ زیاتر چێژ بینین لە خوێندنگە پێویستە
ژمارەکانی فێربکەیت لەڕێگەی ئەو شتانەی خۆی ئارەزووی دەکات وەک یارییەکانی.
چوارەم: یاریکردن لەگەڵ منداڵدا و باسکردنی
بوونی هاوڕێ لە قوتابخانە بەتایبەت لە پۆلەکانی سەرەتادا، وادەکات زیاتر ئارەزووی
قوتابخانە بکات.