ئەگەر منداڵەکەت رەتی کردەوە بچێتە خوێندنگە ئەم ئامۆژگارییانە جێبەجێ بکە

PM:03:18:22/09/2021

26528 جار خوێندراوەتەوە

ھەندێک لە دایکان لە ھەفتەی یەکەمی کردنەوەی خوێندنگەدا کێشەی ئەوەیان ھەیە منداڵەکەیان نایەوێت بچێتەوە خوێندنگە، بۆ ئەوەش زۆر دایک ڕێگەی ھەڵە و ڕەفتاری نادروست دەگرنە بەر و منداڵەکەیان ناچار دەکەن بڕۆنەوە خوێندنگەکەیان، کە ئەم کارەشیان زیان بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵەکە دەگەیەنێت.
ماڵپەڕی theconversation فەرەنسی بۆ ئەو مەبەستە شەش ئامۆژگاریی بۆ دایک و باوکان خستووەتە ڕوو کە لەو کاتەی منداڵەکەیان ڕەتی دەکاتەوە بچێتە خوێندنگە ئەم کارانە بکەن: 
یەکەم: گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و ھۆکاری نەچوونەکەی بزانە تاکو چارەسەری بکەیت.
دووەم: نەرمونیان بە لەگەڵ منداڵەکەت و گوێی لێبگرە و ترسەکانی مەھێڵە.
سێیەم: لەگەڵیدا لەسەرخۆ و ئارامبە و لەکاتی بەخەبەرھێنانی لە خەو بۆ چوونە خوێندنگە دەستەواژەی گونجاو بەکاربھێنە بە دوربە لەم دەستەواژانە "ئێستا کاتی ئەوەیە ھەستی لەخەو و بچیت بۆ خوێندنگە"، یان "دەزانم ناتەوێت بچیت بۆ خوێندنگە بەڵام ناتوانین ڕێگەت پێبدەیت لە ماڵەوە بمێنیتەوە"، باشترە لە بری ئەوە پێی بڵێیت "جارێکە تەنیا تەرکیزمان لەسەر خواردنی نانی بەیانی بێت"، یان "ڕێگە بدە سەرەتا جانتاکەت ئامادە بکەین" بەو جۆرە ترس و بێزاری خوێندنگەکەی لە مێشک دەربھێنە.
چوارەم: رۆژێکی بۆ بکە بە پشوو، مۆڵەتی بۆ وەربگرە و بحەوێتەوە وەک سەیری تەلەفزیۆن بکات یان یاریی بکات.
پێنجەم: خشتەی ڕۆژانەی منداڵەکەت دیاری بکە، بەو جۆرە پێوەی پابەند دەبێت.
شەشەم: داوای ھاوکاریی بکە ئەگەر پێویستی کرد، واتە ئەگەر بە شێوەیەکی توند ترس و ڕقی لە خوێندنگە بوو سەردانی پزیشکی دەروونی پێبکە.
ئ.ل