پزیشکێک ئاماژە بە ئامادەکردنی پەتاتە دەکات بە ڕێگەیەکی تەندروست

PM:02:58:20/09/2021

2268 جار خوێندراوەتەوە

تامارا بۆرنیتسیڤا پزیشک و پسپۆڕی خۆراک لە سەنتەری توێژینەوەی فیدراڵی بۆ خۆراک و تەکنەلۆژیای زیندەیی، ئاماژەی بە باشترین ڕێگە کردووە بۆ ئامادەکردنی پەتاتە بە شێوەیەکی تەندروست.
ئەو پزیشکە ڕوسییە لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی سپۆتنیکی روسی ئاشکرایکردووە، بۆ کەسانی ئاسایی ھیچ بنەمایەک نییە کە نابێت ڕۆژانە پەتاتە بخۆن، دەتوانن بە بڕی یەکسان بەبێ ئەوەی زیان بە تەندروستیی بگەیەنێت ڕۆژانە بیخۆن، ئەو نیشاستەی لە پەتاتەدا ھەیە ماوەیەکی زۆر لە گەدەدا دەمێنێتەوە تاکو ھەرس دەبێت، ئەمەش وادەکات ئاستی شەکر لە خوێندا بەرزبێتەوە، ھەر بۆیە پێویستە زیادەڕەوی لە خواردنیدا نەکرێت بەتایبەت لە شەواندا.
ئاماژەی بەوەکردووە، پەتاتە دەوڵەمەندە بە نیشاستە و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و مەگنیسیۆم و کالسیۆم لەگەڵ لەگەڵ ڤیتامین سی، بە گوێرەی ئەو پسپۆڕە ئامادەکردنی پەتاتە بەجۆرێک بێت کە ماددە خۆراکییەکانی لەدەستنەدات.
ھەروەک وتوویەتی "باشترین ڕێگە بۆ ئامادەکردنی پەتاتە کوڵاندنێتی بەبێ ئەوەی بەرگەکەی لێبکرێتەوە، بەو جۆرە ماددە خۆراکییەکانی ناوی بەیەکسانی دابەش دەبێت، ھەر بۆیە نابێت پێش کوڵاندنی بەرگەکەی لێبکرێتەوە، چونکە زۆربەی ماددە خۆراکییەکانی بە دیوی ناوەوەی بەرگەکەوەیەتی.
ئەو پسپۆڕە لە کۆتاییدا ڕوونیکردووەتەوە، ھەندێک جۆری ئامادەکردنی پەتاتە دەبێت لە سیستمی خۆراکیدا دوربخرێتەوە، کە خراپترین جۆریان پەتاتەی سورەکراوە، چونکە ئەو پلە گەرمییە بەرزە ماددە خۆراکییەکانی ناوی لەناودەبات، لەھەمان کاتدا بڕی ڕۆن زیاتر دەمژێت.
ئ.ل