ئایا خستنەوەی منداڵی زیاتر ژیانی ژنان دەخاتە مەترسییەوە؟

PM:02:01:13/09/2021

10316 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی منداڵ بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی دایک و باوک زیاتر دەبن، هەروەک توێژەران لە نوێترین توێژینەوەدا ئاشکرای دەکەن کە زیادبوونی ژمارەی منداڵ مەترسیی لەسەر تەندروستیی دایکەکە زیاتر دەکات.

نوێترین توێژینەوە لە زانکۆی کامبریج ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە، تاوەکو ژنان منداڵی زیاتریان ببێت زیاتر ڕووبەڕووی نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک و تێکچوونی لێدانەکانی دڵ دەبنەوە.

ئەو ژنانەی پێنج منداڵ یان زیاتریان دەبێت، ئەوە بە ڕێژەی لە ٤٠% تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن بەتایبەت لە سەروو تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە، ئەمەش بە بەراورد بەو ژنانەی کە منداڵێک یان دوو منداڵیان هەیە.

توێژەران ڕایدەگەیەنن دووگیانی و منداڵبوون پەستان بۆ سەر دڵ زیاتر دەکەن، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی منداڵ ژنان کەمتر دەتوانن گرنگی زیاتر بە خۆیان بدەن.

کلێر ئۆلیڤەر ویلیامزی پزیشک و مامۆستا لە زانکۆی کامبریج وتوویەتی "هەروەک دەزانین دووگیانی و لەدایکبوون پەستانێکی زۆر دەخەنە سەر دڵی دایکەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەکردنی منداڵ زیاتر ماندویان دەکات و ڕووبەڕووی نەخۆشییە مەترسیدارەکانیان دەکاتەوە".

لە توێژینەوەکەی زانکۆ کامبریج و نۆرس کارۆلینا هاتووە، زیاتر لە هەشت هەزار ژن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەمەنیان لە ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵ زیاتر تێناپەڕێت.

ئەو ژناانەی خاوەنی پێنج منداڵ یان زیاترن، لە ٣٠% ڕووبەڕووی نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە، لە ٣٥%ی ژنان تووشی جەڵتەی مێشک دەبن و لە ١٧% تووشی سستی دڵ دەبن.

توێژەران بۆیان ڕوونبووەتەوە کە ئەو ژنانەی سێ بۆ چوار منداڵیان دەبێت ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانیان لێدەکرێت، بەڵام توێژەران ئاماژە بە بوونی پێنج منداڵ یان زیاتر دەکەن کە مەترسییەکان بۆ سەر دایکەکە زیاتر دەکات و زۆرتر ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانیان لێدەکرێت.

ئ.ل