چۆن توشبووانی نەخۆشی شەکرە دڵیان بە تەندروستیی دەهێڵنەوە؟

PM:06:03:19/03/2023

2736 جار خوێندراوەتەوە

زۆرینەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات هەست دەکەن دڵیان گرفتی تەندروستیی هەیە، کە رەنگە هۆکارەکەی کاریگەرییەکانی نەخۆشآییەکە بێت لەسەر تەندروستیی دڵ دروستیی کردووە.

داهات جەمال حەوێزی پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و دڵ لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک کۆمەڵێک رێنمایی خستووەتە ڕوو بۆ پاراستنی دڵی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەوانیش:

یەکەم: کۆنترۆڵکردنی شەکرەی رۆژانە.

دووەم: کۆنترۆڵکردنی شەکرەی سێ مانگی.

سێیەم: ئەنجامدانی پشکنینی چەورییەکان، بەکارهێنانی دەرمان ئەگەر چەورییەکان بەرزبوون، بە تایبەت چەوریLDL کەپێویستە لە ١٠٠ کەمتر بێت بۆ کەسێک شەکرەی هەبێت.

چوارەم: چاودێریکردن و ئەنجامدانی پشکنینی فشاری خوێن (زەخت)، ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە نابێت زەختیان لە سەرووی ١٣/٨ بێت.

پێنجەم: دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و قەڵەوی و خواردنەوە کهولییەکان.

شەشەم: ئەنجامدانی پشکنینەکانی گورچیلە شەش مانگ جارێک، بە پشکنینی ئیشکردنی گورچیلە و پڕۆتینی ناو میزACR.

حەوتەم: ئەنجامدانی ئیکۆی دڵ یان هێڵکاری دڵ ECG هەرکاتێک نەخۆشەکە هەستی بە ( هەناسە توندی، دڵە کوتێ، ئازاری سەرسنگ) کرد، ئەگەر هیچ نیشانەیەکی نەبوو پێویستە ساڵی جارێک ئیکۆی دڵ ئەنجام بدات.

هەشتەم: وەرزشکردنی بەردەوام، رۆژانە ٣٠ خولەک رێکردن یان هەفتەی چوار رۆژ، مەلەکردن یان بەشداریکردن لە هۆڵە وەرزشیەکان یان ئەنجامدانی وەرزش لەسەر ئامێری وەرزشی ماڵەوە.

نۆیەم: بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی بۆ دڵ باشە، هەندێک دەرمانی شەکرە هەیە کە بۆ دڵ باش نییە بۆیە پێویستە لە ژێر رێنمای پزیشکی پسپۆر دەرمانت بۆ بنوسرێت.

دەیەم: دوورەکەوتنەوە لە خەفەت و بێتاقەتی و قەلەقی، چونکە ئەمانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و فشاری خوێن و دواجار زیان بە دڵ دەگەیەنن.

ئ.ل