پێویستە منداڵ چەند کاتژمێر بخەوێت؟

PM:11:45:04/03/2023

4060 جار خوێندراوەتەوە

دایک و باوکان بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن منداڵەکانیان کاتی خەوتنیان دیاریی کراو نییە، شەوان بەردەوام بەخەبەر دێن و رۆژ زیاتر دەنوون، پسپۆڕێک کاتی دیاری کراو بۆ خەوتنی منداڵی خستووەتە ڕوو.

جێنیفەر رۆبنسۆن پسپۆڕی خەو لە بەریتانیا ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکات و رایدەگەیەنێت، منداڵ لە تەمەنی نۆ مانگییەوە تاکو حەوت ساڵی پێویستە رۆژانە ١٢ کاتژمێر بخەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کاتی خەوتن و بەخەبەرهاتنی رێکبخرێتەوە.

ئەو پسپۆرە وتوویەتی "خەوتنی منداڵ لە نۆ مانگ بۆ حەوت ساڵی پێویستە بە دیاریکراوی حەوتی شەو بخەوێت و حەوتی بەیانی بەخەبەر بێت، بەو جۆرە خەوی تەواو بەدەستدەهێنێت".

رونیشیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە شەشی بەیانی بەخەبەرهات، گرنگە هەولبدەیت بۆ ماوەی کاتژمێرێکی تر بخەوێنرێتەوە.

جەختی لەوە کردووەتەوە، منداڵێک تەمەنی نۆ مانگ بێت دەبێت ١٢ کاتژمێر بخەوێت، بەو جۆرە بەردەوام بێت تاکو تەمەنی دەبێتە حەوت ساڵ، بەڵام ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار نۆ مانگییەوەیە کاتەکانی خەوتنی هەمەجۆر و جیاوازە و پشت دەبەستێت بەو کاتژمێرانەی لە رۆژدا بەخەبەرە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو منداڵانەی دەچنە دایەنگا و خوێندنگە زیاتر هەست بە ماندوێتی و کەمخەوی دەکەن، بەهۆی ئەوەی لە خوێندنگە وزەی زۆر بەکاردەهێنن، یەکێک لە نیشانەکانی ئەو حاڵەتەیان لە کاتی هاتنەوەیان بۆ ماڵەوە لەناو ئۆتۆمبێل یان پاسی خوێندنگەکەیان دەخەون، لەم حاڵەتەشدا باشترە کاتی خەویان دیاریکراو بێت و لە کاتژمێر شەشی شەو بخەوێنرێت تاکو بە تەواوی بحەوێتەوە.

ئ.ل