ئایا کەمخەوی چ زیانێک بە جەستەی منداڵان دەگەیەنێت؟

PM:11:45:28/02/2023

2192 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری داوە، ئەو منداڵانەی کەمتر لە نۆ کاتژمێر دەخەون لە رۆژێدا، زیاتر دووچاری قەڵەوی دەبنەوە و لە تەمەنی پێگەیشتندا تووشی کێشەی تەندروستی دەبنەوە.

بە گوێرەی بابەتێکی تەندروستی ماڵپەڕی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەو منداڵانەی خەوی باشیان نییە بەراورد بە کەسانی تر ٪٧٠ دووچاری قەڵەوی دەبنەوە.

توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی ئیسپانییەوە کراوە و دەریانخستووە، منداڵان بەلایەنی کەمەوە دەبێت هەشت کاتژمێر بخەون بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستیان بکەن.

پزیشکی پسۆڕ لە ناوەندی نیشتیمانی ئیسپانی بۆ توێژینەوە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە مەدرید، "خیسۆس مارتینێز گۆمێز" ئاشکرایکردووە، لەکاتی کەمخەویدا، جەستە هۆرمۆنی برسییەتی دەڕێژێت کە بە "گریلین" ناسراوە وا لە کەسەکان دەکات بڕێکی زیاتر خواردن بخۆن.

ئەنجامی توێژینەوەیەکە لە کۆنفرانسێکی ئەوروپیدا بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بڵاوکرایەوە، کە لەسەر ١٢٠٠ منداڵ کراوە، تەمەنیان ١٢ بۆ ١٦ ساڵان بووە، توێژەران پێوانەی خەوی منداڵەکانیان کردووە لەگەڵ پێوانەی جەستەیان.

توێژەران ئامۆژگاری دایک و باوکانیان کردووە کە خشتەیەکی چڕ دابنێن بۆ خەوی منداڵەکانیان، بۆ ئەوەی لە قەڵەویی رزگاریان ببێت و بەدوایدا نەخۆشی دڵی لێنەکەوێتەوە.

ر.ئ