خالید رەشید شیوەنێک بۆ چلەی ماتەمی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە

2021-01-20

2194 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند خالید رەشید لە نوێترین کاریدا بەرهەمێکی هونەریی بۆ چلەی ماتەمی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە.

ئەم بەرهەمە هونەرییە تایبەتە بە شەهیدانی خۆپیشاندانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو هونەرمەند بەرهەمەکەی بە "شیوەنێک بۆ چلەی ماتەمی شەهیدانی رێگای ئازادی و راپەرین" ناوبردووە.

ئەم بەرهەمە لە ئاواز و وتنی هونەرمەند خالید رەشید، مەقامی گۆرانییەکە لە نوسینی کۆشان نورییە، بەشێکی تری تێکستی گۆرانییەکە لە هۆنراوەی لەتیف هەڵمەتە.

لەگەڵ گۆرانییەکەدا کە لەشێوەی میوزیک ڤیدیۆ بڵاوکراوەتەوە، ڤیدیۆ و وێنەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان و ناوی شارەکانی تێدایە، بۆیەکەمجاریش ئەم بەرهەمە دوێنێ لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی شەهیدانی خۆپێشاندانەکانی سەیدسادقدا پێشکەشکرا.

خالید رەشید نووسەر و موزیکزان و شوێنەوارناس و گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە، بۆ یەکەمجار سروودی نەتەوەیی کوردستانی کردە مارشی نیشتمانی لە پەرلەمانی کوردستان، یەکەم کەس بوو کە یونسکۆی ناردە کوردستان بۆ ڕاگرتنی تێکدانی شوێنەوارەکان وە قەڵای ھەولێری خستە ناو شوێنەوارە پارێزراوەکانی جیھان لە ڕێگەی یونیسکۆوە، نووسەری دوو کتیبە بە زمانی سویدی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان، دەرچووی بەشی شوێنەوارناسییە لە زانکۆی ستۆکھۆڵم لە سوید، دەرچووی پەیمانگای باڵای ھونەرە لە ڤێسترباری سوید، دوکتۆرانامەکەی لەسەر کولتور و شوێنەواری کوردستانە لە زانکۆی سانکتپیتەربورگ لە ڕووسیا، وەرگری ستیپیندیۆمی وەزارەتی فەرھەنگی سویدە لە ساڵانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨ ، خەڵاتی زانستی ماکس ڤیبەری ئەڵمانی (بۆ مۆسیقا و نووسین) ٢٠١٧ لە پەیمانگای مێژووی زانست لە مۆسکۆ پێبەخشراوە. موزیک و گۆرانی خالید رەشید لە ژاپۆن و ھیندستانەوە تا کەنەدا و ئەمریکا و ئەورووپا لە ساڵی ١٩٩٧ یەک لەو بەرھەمانە کە گەلانی دنیا بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فراوان بە میوزیکی کوردی ئاشنا بوون، بەپێچەوانەی زۆرینەی زۆری بەرھەمە کوردییەکان کە لە کوردەوە بۆ کوردە، جگە لە ناساندنی ئاواز و ریتم و ئەدا و موزیک ئاشنا کردنیان بەشیعری گۆرانییەکان کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و لەوێشەوە بۆ زۆربەی زمانەکانی جیھان. جگە لە کۆنسێرت و ئاهەنگی تایبەتی گۆرانیی و میوزیک و بڵاوکراندەوەی چەند ڤیدیۆ کلیپێک، ئەلبوومی مۆسیقا لە کوردستانەوە (Music From Kurdistan). ١٩٩٧ – سوید. ئەلبوومی جگەرگۆشە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکردووەتەوە.

NRT2 ئێن ئاڕ تی