نەڤید زەردی بەرهەمێك پێشکەش بەخۆی دەکات

2020-11-24

2670 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نەڤید زەردی هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرهەمێكی جیاوازی بڵاوکردووتەوە کە بەر لە هەموو کەسێك پێشکەشی خۆی کردووە.

لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی نوێترین بەرهەمییەوە کە ناوی "بەهانە"یە، و وا بڕیارە رۆژی پێنج شەممە کاتژمێر ٠٧:٠٠ ی ئێوارە بڵاوببێتەوە نوسیویەتی: "جیاوازی ئەم بەرھەمە لەگەڵ ئەوانی تردا ئەوەیە کە ئەم بەرھەمەم پێش ھەرکەسێک پێشکەشی خۆمم کردووە، واتە بۆ دڵی خۆمم دروستکردووە، ھەر لەبەر ئەوەش بوو کە لە سەرەتادا ویستم لە ڕۆژی لە دایکبوونمدا ئەو دیارییە پێشکەش بە دڵی خۆم بکەم، چونکە بەڕاستی لە ھەموو ڕوویەکەوە، "بەھانە" ئەوە بوو کە من ئەمویست، ئەوەبوو کە دڵم داوای ئەکرد، ھەرکاتیش گوێم لێ دەگرت "بەھانە" خەیاڵمی بەرەو ھەزاران پرسیاری بێ وەڵام ژیانم پەلکێش دەکرد".

هەروەها نویسیویەتی، "بۆیە بە تەواوی ھەستم بەوە کرد کە ئەم بەرھەمە ئاوێنەکەمە... کە نەک سیما و ڕوخسارم، بەڵکو ھەموو دڵ و ناخی خۆمم تێدا دەبینیەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "(بەھانە) ھێندە ئازیز بووە لەلای، کە دوودڵ بووە لەوەی ئاخۆ ئەگەر بڵاوی بکاتەوە، ئەوەی گوێی لێ دەبێت وەک ئەو قەدری دەزانێت و ئاخۆ ئەکرێت کەسێکی تر بە ھێندەی من لە جوانی و ناخ و ڕاستگۆیی ھەستی بەرھەمەکە تێبگات ؟".

ئەوەشێ خستووەتەڕوو، بەڵام بیرم کردەوە، کە دواجار ئێوەش وەک گوێگری بەرھەمەکانم، بەشێکی گەورەن لە دڵ و ژیانی من، بۆیە ئەگەر تەنھا پێشکەشی دڵی خۆشمم بکردایە، ئێوە وەک بەشێک لە دڵی من، مافی ئەوەتان ھەبوو کە وەک من ئەو چێژ و ئیحساسەتان پێ بگات و یادگاری لەگەڵ درووست بکەن، چونکە ھەر ئێوەن کە بست بە بست لەگەڵ ھەنگاوەکانی مندا دێن و بە ئامادەبوونتان لە کۆنسێرتەکان و بە تامەزرۆییتان بۆ گوێبیست بوون لە بەرھەمی نوێ، چێژی سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشن و ئێمەش بە پشتیوانی خودا و ئێوەیە کە دەتوانین ئاستی ھونەری کوردی ببەینە ئاستێکی بەرزتر لە ئێستا و بەرەو بە جیھانی بوونی ببەین، بۆیە بێوەفایی بوو ئەگەر چێژی بەرھەمی "بەھانە"تان لەگەڵ بەش نەکەم و دڵ و گوێتان ئاشنا نەکەم بەو ھەموو ئیحساسە شیرینەی کە لە بەرھەمی "بەھانە"دا لە ڕۆحم نزیکە.

باسی لەوەشكردووە، "سەخت بوو بۆم و نەمدەتوانی سەبر بگرم تا ڕۆژی لە دایک بوونم و لەو کاتەدا بەرھەمەکەتان پێشکەش بکەم، و نازانم چۆن گوزارشت لەو ھەستەی خۆم بکەم کە بۆ بەرھەمی "بەھانە" ھەمە، ھەرچی بڵێم ھێشتا کەمم وتووە".

هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە ، کە ھەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە بەرھەمێکی نوێ درووست بکات بەو نییەتەی کە کەسانێکی زیاتر بیناسن، یان ھەنگاوێک بیباتە پێشتر، وەك خۆی دەڵێت، "تەنیا ئیحساس و چرکەکانی ژیانم و ئەوەی لە ناخ و دڵمدا درووست دەبێ، ھێناومەتە ناو میوزیک و ویستوومە بەو ڕێگایە نیشانی بدەم و دەری ببڕم، چونکە پێم وایە ئەوەی کە بەرھەمەکەت لە دڵەکاندا دەھێڵێتەوە، ئەوەیە کە تۆ تا چەند ڕاستگۆییت لەگەڵ خۆتدا لەو بەرھەمەتدا بەکار ھێناوە، تا چەند لە دڵەوە وتووتە، چونکە ئەوەی لە دڵەوە دێت، بێگومان دەگات بە دڵ.. نەک ھەستێکی درووستکراو بێ و تاکە ئامانجت تەنھا درووستکردن و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکە بێ تەنھا بۆ ئەوەی بڵێی بەرھەمی نوێم ئامادەیە".