حەوت نیشانە دەیسەلمێنن کە دایك و باوکێکی باشن هەرچەندە ئەگەر وا هەست نەکەن

2020-11-09

24418 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەموو دایك و باوکەکان هەوڵدەدەن ببن بە پێشەوایەك لە چاوی منداڵەکانیاندا و بۆ ئەمەش هەموو شتێك بەباشترین شێوە دەکەن تا هیچ کەموکورتییەك بەدینەکرێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا.

بەڵام هەموو دایك و باوکەکان ئەو شتانە دەکەن کە بەڕاست یان بە هەڵەی دەزانن، لەم کاتەدا هەندێك شتیان بیردەچێتەوە کە پەیوەندی بە شێوازی گەورەبوونی منداڵەکانیانەوە هەیە.

ماڵپەڕی "برایت ساید" ئاماژەی بە دیارترینی ئەو نیشانانە کردووە کە دەریدەخەن دوو کەس دایك و باوکێکی زۆر باش و نمونەیین، تا دایك و باوکەکانی دیکەش بتوانن بەو جۆرە ببن بۆئەوەی منداڵەکانیان بەباشترین شێوە پەروەردە بکەن و هەڵەیەك نەکەن کە دواتر منداڵەکەیان بەدرێژایی ژیانی باجەکەی بداتەوە، لەوانەش:

١. منداڵەکەت هەستەکانیت لێ ناشارێتەوە بەڵکو لەگەڵتدا هاوبەشی دەکات.

٢. بەردەوام لەسەر نمرەکانی سەرزەنشتی ناکەیت بەڵکو هانی دەدەیت تا هەوڵی زیاتر بدات و تووشی نیگەرانی ناکەیت.

٣. رێزی ئەوە دەگریت کە منداڵەکەشت پێویستی بەوەیە کاتی تایبەت بەخۆی و شوێنی تایبەت و شتومەکی تایبەتی هەبێت.

٤. رەخنەی روخێنەر لە منداڵەکەت ناگریت، بەڵکو فێری دەکەیت شتەکان باشتر بکات.

٥. دان بە هەڵەکانتدا دەنێیت و داوای لێبوردن دەکەیت.

٦. رێز لە ویست و حەزوئارەزووەکانی منداڵەکانت دەگریت، حەزەکانی خۆت بەسەر ئەودا ناسەپێنیت.

٧. بڕوا بە قسەکانی منداڵەکەت دەکەیت و متمانە بە قسەکانی دەکەیت.

ژ.ن