مامۆستایەکی بیرکاری بەهۆی وەڵامێکی هەڵەوە قوتابییەکی کوشت

2020-09-21

38034 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە رۆژی مامۆستایاندا کە لە وڵاتی چین دەکەوێتە رۆژی ١٠ی ئەیلولەوە، مامۆستایەکی سەرەتایی لە شارۆچکەیەکی سەر بە هەرێمی سیچوانی باشوری رۆژئاوای چین قوتابییەکی سزاداوە بەهۆی ئەوەی وەڵامی دوو پرسیاری نەداوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی " Oriental Daily"، دوای ئەوەی کە قوتابییە ١٠ ساڵەکە هەڵەی کردووە لە وەڵامدانەوەی دوو پرسیارەکە مامۆستاکە داوای لە قوتابییەکە کردووە لە شوێنی خۆی هەڵبستێت و لەسەر ئەژنۆکانی دابنیشێت، دواتر بە گوێچکەی رایکێشاوە و بە توندی کێشاوییەتی بە سەریدا، دوای ئەوەش دووبارە بە گوێچکەی رایکێشاوە، ئەمەش وایکردووە دوای لێدانەکە قوتابییەکە نەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بە ماندوێتییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شوێنەکەی.

دواتر مامۆستاکە پەیوەندی بە نەنکی منداڵەکەوە کردووە بۆئەوەی بێت بۆ قوتابخانە بەدوایدا، کاتێکیش نەنکی گەیشتووە بینیویەتی کە ناتوانێت نە قسە بکات و نە چاوەکانی بکاتەوە، بۆیە بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە و لەوێش گیانی لەدەستداوە.

نەنکی ئەو منداڵە وتوویەتی کە نەوەکەی دەترسا لە وانەی ئەو مامۆستایە چونکە لە قوتابییەکان دەدات، تەنانەت ئەو رۆژە چەپکێك گوڵی بۆ مامۆستاکەی بردبوو بەبۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایانەوە.