شێوازی ئامادەکردنی بۆرەك بە پەنیر

2020-09-21

14414 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆرەك زۆرکات وەك ژەمە خواردنێکی سووك ئامادە دەکرێت کە تام و چێژێکی خۆشی هەیە و ئارەزووی خواردن زیاتر دەکات و بە جۆرەها ڕێگە و کەرەستەی جیاواز ئامادە دەکرێت.

لێرەدا شێوازی ئامادەکردنی بۆرەك بە پەنیر دەخەینە ڕوو:

پێداویستییەکان:

یەك پاکەت نانی پاقلاوە

یەك کوپ ڕۆنی تواوە

٥٠٠ گرام پەنیر

یەك کوپ مەعدەنوس

یەك کەوچکی گەورە کونجی

یەك کەوچکی گەورە ڕەشکە

شێوازی ئامادەکردنی:

لە ناو دەفرێکدا پەنیر و مەعدەنوسەکە تێکەڵ بکە.

ئینجا سینییەكی فڕن بە ڕۆن چەور بکە و نانێکی پاقلاوەی لەسەر دابنێ، ئەو نانە بە ڕۆن و شیری تەڕ چەور بکە و نانێکی دیکە دابنێ، بەم جۆرە بەردەوام بە تا نیوەی نانەکە تەواو دەبێت.

ئینجا پەنیرەکە بکە بەسەریدا و بڵاویبکەرەوە.

دووبارە نانی پاقلاوە دابنێ و چین بە چین بە ڕۆن و شیر چەوری بکە تا تەواو دەبێت.

لەکۆتاییدا کونجی و ڕەشکەکە بکە بەسەریدا و بیکە فڕنەوە، بۆ ماوەی ١٠ خولەك بە پلەی ١٨٠ سەدی بیبرژێنە.