فەرهاد پیرباڵ دەبێتەوە بە مامۆستای زانکۆ

2020-08-10

4894 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بڕیاری ئەوەدراوە کە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بە مامۆستا دابمەزرێندرێت.

لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارداوە "بە دامەزراندنی بەڕێز (فەرهاد پیرباڵ عومەر) بە ناونیشانی مامۆستا بە (شێوەی هەمیشەیی) لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ زانکۆی سەڵاحەدین/کۆلێژی پەروەردە، بە موچە و دەرماڵەی شایستە لە ڕێکەوتی دەست بەکاربوونییەوە".

لەو بارەیەشەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك هونەرمەند فەرهاد پیرباڵ نوسیویەتی: "انشاءاللە دەچمەوە خزمەتی قوتابییەکانم و سوپاسی هەمووان دەکەم، تکا دەکەم بگات بە دەستی سەرۆكی زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆر جەوهەر".

نوسیویشیەتی: "لە بڕیارەکەدا نوسراوە (دامەزراندنەوە) ئەمەش واتە دیارە کە پێشتر فەسڵکرابووم و ساڵێك و هەشت مانگە موچەی زانکۆم وەرنەگرتووە، ئێستا بەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەت سەرلەنوێ وەك ئەو کاتەی تازە لە پاریس هاتبوومەوە لە ساڵی ١٩٩٤دا دامەزرام لە زانکۆ".

فەرھاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لە ساڵی ١٩٦١ لە ھەولێر لە دایکبووە، پیرباڵ له‌ ساڵی ١٩٨٤ له‌ زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە، دوای ماوه‌یه‌ك چووەتە ئه‌ڵمانیا، پاشان دانیمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە، بە زەمالەی حکومەتی فەره‌نسا کە لەلایەن ئەنیستیتۆی کوردی پاریسەوە دابەش دەکرا، چووەتە فه‌ره‌نسا و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە.

فه‌رهاد پیرباڵ، كه‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ ٧٠ كتێبه‌، هه‌فته‌یه‌ك دوای تەواوکردنی دکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری "مێژووی ئەدەبی نوێی کوردی"دا لە ساڵی ١٩٩٤، گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و لە زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین وه‌ك مامۆستا دامه‌زرا.

ژ.ن