ئەکتەرێک بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوەوە سێ ساڵ زیندانی دەکرێت

2020-07-01

119117 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دادگای میسر بڕیاریداوە بەوەی ئەکتەر و سەماکەر سەما میسری بۆماوەی سێ ساڵ زیندانی بکات و غەرامی ٣٠٠ هەزار جونەیهی میسری بکات، بە تۆمەتبارکردنی بە بڵاوکردنەوەی رەفتاری نا شایستە پێچەوانەی نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزانی.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن حەمادە ساوی داواکاریی گشتی میسر داوای بەندکردن و لێکۆڵینەوە لە سەما میسری کراوە، بەرامبەر ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووتەوە، بەجۆرێک کە وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو سەماکارەی بە تێکدانی خێزانی میسری و رەفتاری نا شایستە پێچەوانەی نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزانی وڵات هەژمارکردووە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی داواکاریی گشتیی میسر، وێنە و ڤیدیۆکانی سەما دەنگۆیەکی زۆری لەلای خەڵکی میسر لێکەوتووەتەوە و سکاڵایەکی زۆری لەسەر کراوە و داوای سزادانیان کردووە، چونکە ئەو کارەی سەمایان بە تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵگەی میسری لێکداوەتەوە.

لە یەکێك لەو ڤیدیۆیانەدا کە بڵاوکراوەتەوە سەما لەناو حەمامەکەیدایە و کۆمەڵێك رەفتار دەکات کە بەپێی وتەی داواکارەکە نەشیاوە و نەگونجاوە لەگەڵ دابونەریتدا و گەنجانی وڵاتەکە بەرەو لایەنی خراپ دەبات، هەروەها چەندین هەژماری ئەلیکترۆنی هەیە کە لەرێیانەوە ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە بڵاودەکاتەوە و کرداری نەشیاوی پێدەکات، هەروەها لەرێگەی هەندێك هەژمارەوە وێنەی نەشیاو بۆ بینەرەکانی دەنێرێت.

دوابەدوای سەپاندنی ئەم تۆمەتانەش بەسەریدا دادگای میسر بڕیاریدا بۆماوەی سێ ساڵ زیندانی بکات و غەرامی ٣٠٠ هەزار جونەیهی میسری بکات.