هەشت ئامۆژگاری بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت لە گەرمای هاوین

2020-06-30

3568 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گەرمای هاوین زیانێکی زۆر بە مۆبایلەکەت بە گشتی و باتریەکەی بە تایبەت دەگەیەنێت، چۆن خۆتی چارەسەری ئەم کێشەیە دەکەیت؟

ماڵپەڕی هایزە ئۆنڵاینی تایبەت بە تەکنەلۆجیا لە بابەتێکدا چەند ئامۆژگارییەکی خستوەتەڕوو بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت لەم گەرمایەدا کەمترین زیانی پێبگات و لە ڕووداوی نەخوازراوی وەک تەقینەوە بەدووربیت.

١. مۆبایلەکەت لەبەر خۆردا بۆ ماوەیەکی زۆر دامەنێ، بە تایبەت کاتێک لە دەرەوەیت، ئەگەر کەشەکە بەلای خۆتەوە گەرم بوو، ئەوا بۆ مۆبایلەکەشت گەرمە.

٢. زۆرینەی مۆبایلەکان بەرگێکی ڕەشیشیان پێوەیە، ئەمەش وادەکات گەرمییەکی زۆر کۆبکەنەوە لە خۆیان، بۆیە لە شوێنە گەرمەکاندا مۆبایلەکەت بخە گیرفانت تاکو تیشکی خۆری بەرنەکەوێت.

٣. کەڤەری مۆبایلەکەشت گەرمییەکی زۆر کۆدەکاتەوە، لە شوێنە گەرمەکاندا با کەڤەری پێوە نەبێت.

٤. کاتێک مۆبایلەکەت زۆر گەرم دەبێت، بیکوژێنەرەوە و لێیگەڕێ خۆی بە هێواشی سارد ببێتەوە.

٥. بە هیچ شێوەیەک مۆبایلەکەت لە نێو ئۆتۆمبێلدا جێمەهێڵە، چونکە هەوای ناو ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی خۆرەوە زۆر گەرم دەبێت.

٦. یاریکردن و وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ کاریگەرییەکی زۆر لەسەر مۆبایلەکەت دادەنێن، هەوڵبدە زووزوو پشوویەکی پێبدە.

٧. کاتێک پلەی گەرمیی دەرەوە لە ٤٠ پلە زیاترە، مۆبایلەکەت بارگاوی مەکەرەوە.

٨. کاتێک مۆبایلەکەت گەرم دەبێت، مەیخەرە نێو بەفرگرەوە، چونکە شێیەکی زۆر لەناویدا هەیە، ئەمەش زیانی بۆ پارچەکانی ناوەوەی مۆبایلەکەت هەیە.

ب.ع