فیلمێکی کوردی دەچێتە فێستیڤاڵی ئیرلەندا

2020-06-30

2391 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کورتە فیلمی "کۆلارەکان" لە دەرهێنانی سەید پەیام حسێنی لە سی و دووهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی "گالوەی" ئیرلەندا نمایش دەکرێت.

پەیام حسێنی دەرهێنەری فیلمەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئین ئاڕتی ڕاگەیاند،"کورتە فیلمی "کۆلارەکان" کە پێشتر لە فێستیڤاڵی بەرلینی ٢٠٢٠ نمایش کراوە و خەڵاتی تایبەتی گەنجانی مێردمنداڵانی ئەو فێستیڤاڵەی مسۆگەر کردووە، بڕیارە لە یەکێک لە فێستیڤاڵە گەورەکانی وڵاتی ئیرلەندا نمایش بکرێ و لە بەشی کورتە فیلمی نوێی مێردمنداڵان ڕکابەری بکات". 

وتیشی "کۆلارەکان" بەسەرهات و چیرۆکی کوڕێکی منداڵکارەی سنوورنشینە بە ناوی "سەرکەوت" کە هۆگری کچێکی ئەودیوی سنوور بووە، هەوڵ دەدا بە دۆزینەوەی کۆلارەی ونبووی کچەکە، لەم دیوی سنوور نێوانی لەگەڵدا خۆش بکات.  

فێستیڤاڵی فیلمی "گالوەی" کە پاش فێستیڤاڵی کۆرەک، دیارترین فێستیڤاڵی فیلمی وڵاتی ئیرلەندایە، لە ساڵی ١٩٨٩وە چالاکییەکانی دەست پێکردووە و هەڵبژاردەکانی بەشی کورتە فیلم و ئەنیمەیشنی ئەو فێستیڤاڵە ڕاستەوخۆ بە ئەکادیمیای ئۆسکار دەناسرێن، ئەمساڵ بە هۆی تەشەنەی نەخۆشی کۆرۆنا وەک زۆربەی فێستیڤاڵەکانی دیکەی جیهان بە شێوەی ئۆنلاین لە رۆژانی ٧ تا ١٢ی تەمووز بەڕێوەدەچێت.