رۆمانی ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر دەکرێت بە فارسی

2020-06-25

937 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی، رۆمانی ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر بۆ زمانی فارسی وەردەگێڕێت و بەمنزیکانە کارەکانی تەواودەبێت.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکانی هیواقادرە، بەمنزیکانە کاری وەرگێڕانی رۆمانەکە تەواودەبێت.

ماڵی پشیلەکان یەکێکە لەڕۆمانە بەناوبانگەکانی نوسەر هیوا قادر، لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا چەندین وتار و بابەتی جۆراو جۆری لەسەر نوسراوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، رۆمانەکە بۆ دووەمجار چاپکراوەتەوە.

وەک نوسەری رۆمانەکە ئاماژەی پێکردووە "بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانە باس لە مەنفا و مرۆڤ و تەنهاییەکانی دەکات لە ڕێی پشیلەکانەوە، مرۆڤی کوردیش یەکێکە لەو ئەتنییە کۆچبەرانەی کە وەک با بە هەموو دنیادا بڵاوبووەتەوە" نوسەر پێیوایە باسی لە خەمی مرۆڤی کورد و ئەو کۆچبەرانەی تر کردووە کە وەک کورد لە دەرەوەی وڵاتی خۆیاندا دەژین.

نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی لەبارەی کاری وەرگێڕان و پڕۆژەی وەرگێڕانی کتێبە کوردییەکانەوە بۆ سەر زمانی فارسی وتی "لە ئێستادا ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکانی نوسەر جەبار جەمال غەریبم تەواوکردووە، بەنیازم لەمساڵدا هەردوو رۆمانەکە بڵاوبکەمەوە."

هاوکات جگە لە وەرگێڕانی چەندین رۆمانی کوردی بۆ فارسی، چەند ساڵێکە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی وەرگێڕانی شیعری نوێی کوردییە بۆ فارسی،  پێشتر چەند کتێبێکی ئەو پڕۆژەیە بڵاوبونەتەوە، لەمساڵیشدا هەڵبژاردەی شیعری ڕەفیق سابیر، هەڵبژاردەی شیعری دڵشاد عەبدوڵڵا ، هەڵبژاردەی شیعری لەتیف هەڵمەت و هەڵبژاردەی شیعری بەختیارعەلی لەو پڕۆژەیەدا بە زمانی فارسی بڵاودەبنەوە.