دوای ١٥ ساڵ لە مردنی نهێنییەکی شاراوەی ئەحمەد زەکی ئاشکراکرا

2020-06-25

109498 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پزیشکەکەی ئەحمەد زەکی کە بەر لە مردنی چارەسەری بۆکردووە نهێنییەکی لەبارەی ئەم هونەرمەندەوە ئاشکراکردوە.

بەگوێرەی هەواڵیکی رۆژنامەی "الوطن"ی عەرەبی ئاماژە بەوەکراوە، دکتۆر یاسر عەبدولقادر کە چارەسەری بۆ ئەحمەد زەکی کردووە وتوویەتی، ئەحمەد زەکی بەر لە مردنی بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە توانای بینینی لەدەستداوە، چونکە گرێ شێرپەنجەییەکە فشاری خستووەتە سەر دەماری چاوەکانی بەهۆی ئەمەشەوە کوێیربووە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی نزیك لەم هونەرمەندەوە وتوویەتی، ئەحمەد زەکی بۆئەوەی کوێربوونی بشارێتەوە فێڵی دەکرد و وا رەفتاری دەکرد وەك ئەوەی کوێر نەبێت، زۆر کات رۆژنامەیەکی دەگرت بەدەستییەوە وەک ئەوەی بیخوێنێتەوە، چونکە نەیویستووە هیچ کەسێك بەوە بزانێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەنها خودی خۆی لەگەڵ هونەرمەندی سوری رەغدە و سەمیر عەبدولمونەعیمی کوڕی خاڵی ئەحمەد زەکی زانیویانە کە توانای بینینی لەدەستداوە، بەڵام پێیان نەوتووە بۆئەوەی رێز لە ویستەکەی بگرن.

ئەحمەد زەکی ساڵی ١٩٤٩ لەشاری زەقازیق لە میسر لەدایكبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەر و هونەرمەندێکی میسری بووە، بەکالۆریۆسی لە پەیمانگای باڵای هونەرەکانی شانۆ لەبواری نواندندا هەبووە، ساڵی ١٩٦٧ بەشداری لە یەکەم کاری شانۆییدا کردووە، ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار لەسەر شاشەی سینەمای میسری دەرکەوتووە، رۆڵی لە چەندین دراما و فیلم و شانۆدا بینیوە، ساڵی ٢٠٠٥ بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان گیانی لەدەستداوە.

ژ.ن