مەلالا بڕوانامەی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێنا

2020-06-20

2194 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مەلالا یوسفزای ئەو کچە پاکستانییەی هەشت ساڵ پێش ئێستا لەسەر دەستی چەکدارانی پاکستان بیرندار کرا، بڕوانامەی لە بواری فەلسەفە و زانستی سیاسی و ئابوریدا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێنا.

سکای نیوز ئاماژەی بەوەکردووە، مەلالای تەمەن ٢١ ساڵ لە تویتێکدا کە وێنەی خۆی و خانەوادەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە کە بڕوانامەی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێناوە.

ئەو کچەی کە لە سالی ٢٠١٤ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا لە تویتەکەیدا نوسیوویەتی "قورسە هەستی دڵخۆشی خۆم دەربڕم، کەمێک پێش ئێستا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەرچووم و بڕوانامەی زانستی فەلسەفە و سیاسی و ئابوریم بەدەستهێناوە.. نازانم دواتر چی دەبێت.. بەڵام لە ئێستادا.. سەیری نێتفلیکس دەکەم و دەخوێنمەوە و دەخەوم".

مەلالا بەهۆی ئەوەی هەوڵی دەدات برەو بە خوێندنی کچان لە وڵاتەکەی بدات و ئازای بە کچان بدرێت بۆ فێربوونی خوێندن و زانست، لەلایەن بزووتنەوەی تیرۆریستی تاڵیبانەوە کرایە ئامانج.

مەلالا لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لەکاتی گەڕانەوەی لە خوێندگەکەی بۆ ماڵەوە لە وادی سوات لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، تەقەی لێکرا، دواتر گەیەنرایە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا کە چارەسەری بۆ کرا و پاشان مافی پەنابەریی لەو وڵاتەدا وەرگرت.

ئ.ل