تویتەر بۆ جارێکیتر ئاگاداریی لەژێر تویتەکانی ترەمپ دانا

2020-05-29

1855 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دوای ئەوەی شەوی رابردوو، بەهۆی رەفتاری پێشتری تویتەرەوە، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاریی کرد کە تێیدا، پێداچوونەوە بە یاسای کارکردنی کۆمپانیاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت، بەڵام کۆمپانیاکە هەر بەردەوامە لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکی لە تویتەکانی دۆناڵد ترەمپ.

لە کۆتا تویتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا، لەبارەی ئەو گرژییانەی بەهۆی کوشتنی پیاوێکی رەشپێست لە شاری مینەپۆلیسی ویلایەتی مینەسۆتاوە روودەدەن، رایگەیاندووە، "ئەگەر خۆپیشاندەران دزیی بکەن لە مارکێتەکان، ئەوا تەقەیان لێدەکرێت"، کۆمپانیاکە ئاگادارییەکی لەژێر تویتەکەدا داناوە و باس لە شکاندنی یاساکانی تویتەر دەکات.

لە ئاگادارییەکەی تویتەردا هاتووە، "ئەم تویتە، بە ستایشکردنی توندوتیژی، یاساکانی تویتەری شکاندووە. هەرچۆنێک بێت، تویتەر پێیوایە، کە رەنگە مانەوەی تویتەکە لە پلاتفۆرمەکەدا لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت."

لە ئاگادارییەکەی تویتەردا، هۆکاری نەسڕینەوەی تویتەکەی ترەمپیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە رەنگە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت تا بتوانن بیخوێننەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شەوی رابردوو پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا کە ئایا هەژماری تویتەرەکەی دادەخات؟ ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند، کە لە ئێستادا هەژمارەکەی خۆی لە تویتەر داناخات، بەڵام هەموو رێکارێکی یاسایی لە دژی کۆمپانیاکە دەگرێتەبەر.

سێشەممەی رابردوو، لە دوو تویتی دۆناڵد ترەمپدا، کۆمپانیای تویتەر لینکی "چێککردنی راستی – بە مانایەکی دیکە؛ دڵنیابوونەوە لە راستی قسەکانی ترەمپ"ی دانا و ئەوەش، بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی ئەمریکا و بڕیاریدا بە یاسای تۆڕەکانی پەیوەندیدا بچێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جاک دۆرسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەر رایگەیاند، ئەوان جەخت لەسەر ئەو هەنگاوەیان دەکەنەوە و تەنیا بۆ سەرۆکی ئەمریکاش نییە، بەڵکو خزمەتگوزاریی "دڵنیابوونەوە لە راستی پۆستەکە" بە شێوەیەکی جیهانیی، دابیندەکەن.