ئایا شیری سیسرک دەبێتە خۆراکی داهاتووی مرۆڤ؟

2020-05-29

13443 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەند زانایەکی وڵاتی هیندستان لە توێژینەوەیەکدا گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، شیری جۆرێکی سیسرک زیاتر لە چوار ئەوەندەی شیری مانگا ماددەی خۆراکی تێدایە.

هەرچەندە کە زۆرینەی سیسرکەکان لە ڕاستیدا شیریان نییە، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی "IUCrJ"دا بڵاوکراوەتەوە، سیسرکی "Diploptera punctate" جۆرێک شیر دەدات بە بێچووەکانی کە کریستاڵی پرۆتینی تێدایە، ئەوەی بەلای زاناکانەوە سەیربوو بریتیبوو لەوەی ئەم پرۆتینە زیاتر لە سێ ئەوەندەی شیری گامێش وزەی تێدایە (لە کاتێکدا شیری گامێش لەچاو جۆرەکانی دیکەی شیردا زۆرترین وزە و ماددەی خۆراکی تێدایە).

ڕوونە کە سیسرکەکان هێندە شیر بەرهەم ناهێنن کە بەشی خۆراکی مرۆڤ بکات، بۆیە زاناکان لە ئێستادا سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ڕیزبەندیی ئەو جینانەن کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی شیرەکە، تاکو ڕێگەیەک یان (هەوێنێک) بدۆزنەوە و بتوانن لەڕێیەوە بە ڕێژەیەکی زۆر شیرەکە بەرهەم بهێنن.

سانشاری بانرجی یەکێکە لە ئەندامانی توێژینەوەکە دەڵێت، "کریستاڵەکان لە خۆراکی تەواو دەچن، پرۆتین و چەوری و شەکریان تێدایە، ئەگەر تەماشای ڕیزبەندیی پرۆتینەکە بکەیت دەبینیت تەواوی ترشە ئەمینییە سەرەکییەکانی تێدایە."

ئەمانەش جگە لەوەی لەگەڵ هەرسکردنی پرۆتینی شیرەکەشدا، کریستاڵەکە پرۆتینی زیاتر دەردەکات.

بێگومان ئەم خۆراکە بۆ ئەو کەسانە نییە کە دەیانەوێت کێشی خۆیان داببەزێنن، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوانە سوودی هەیە کە بەدوای ئەوەوەن بە ئاسانترین شێوە بڕە خۆراکی ڕۆژێکیان دەست بکەوێت.

COCKROACH MILK ISN'T COMING SOON | Restaurant & Café

ب.ع