ئایا ژنانی هەرێمی کوردستان لەماوەی کەرەنتینەدا ڕوبەروی توندوتیژی بوونەتەوە؟

2020-05-23

2591 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە سەرووبەندی خۆئامادەکاری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی رەمەزان و دوبارە دەستپێکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی دووبارە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکانی مەدەنی دەڵێن کە ژنانی هەرێم لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا ڕوبەڕووی توندووتیژی زیاتر بوونەتەوە بە بەراورد بە پێشتر.

تانیا کەمال دەروێش، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕاسان بە دیجیتال میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "بێ گوومان توندووتیژی زیاتر ڕوویداوە لەوەی کە تۆمار کراوە."

بەڕێوبەرایەتی توندووتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند کە لە ١٠ ی ئازارەوە بۆ ١١ ی نیسان زیاتر لە ١١٠ سکاڵای توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندووتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە کە ئامار و زانیاری بدات لەسەر ئامارەکانی توندووتیژی لە کاتی کەرەنتینەدا بە بیانووی ئەوەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵانە دووجار ئامار بڵاودەکاتەوە، جارێک لە ناوەڕاستی ساڵدا و جارێک لە کۆتایی ساڵدا.

تەنیا لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩ دا، زیاتر لە ١٩٩ سکاڵا لە سلێمانی تۆمارکراون کە ڕێژەکەی زۆر زیاترە بە بەراورد بە ئامارەکانی ئەمساڵ، بە بۆچوونی  بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕاسان تانیا کەمال بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی کەرەنتینەدا ژنانی سلێمانی بە تایبەتی و هەرێم بە گشتی لە دۆخێکی وەهادا نەبوون کە فرسەتی ئەوەیان پێ بدرێت سکاڵا تۆماربکەن بە پێی ئەوەی کە دادگا و فەرمانگەکانی هەرێم دەوامیان نەکردووە.

وتیشی "زیاتر لە %٧٠ ی ئەو کەیسانەی کە دێن بۆ لامان بۆ یارمەتی بە دزییەوە دێن بە بێ زانینی ماڵەوەیان، چونکە ئەگەر ماڵەوەیان پێیان بزانن توشی توندووتیژی زیاتر دەبنەوە، چەندەها جار هەبووە کە پایوەندیمان بە هێزەکانی ئاسایشەوە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە."

بەپێی ئاماری فەڕمی لە حکومەتی هەرێم و بەڕێوبەرایەتی گشتیی توندووتیژی دژی ژنان ئەوا زانیاریەکانی دەزگاکان و ڕێکخراوەکان سنوردارە، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریە کەمەی لەبەردەستدایە ڕوونە کە سیستمی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا کەمووکورتی زۆرە.

New domestic abuse law comes into force - BBC News