ڤیدیۆیەکی نەبینراوی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

2020-05-21

2556 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆ یەکەمین جار چاوپێکەوتنێکی نەبینراوی شاعیری کۆچکردو شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە.

شاعیر و نوسەر ئیدریس عەلی لە لاپەرەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک چاوپێکەوتنەکەی ئەنجامداوە و بڵاویکردووەتەوە.

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەکردووە، مێژووی چاوپێکەوتنەکە بۆ ١٨ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی ئەدەبییە بەتایبەت لە بواری شیعردا لە سەردەمەکانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕیندا.

لە درێژەی گفتوگۆکەیدا شێرکۆ بێکەس چەندین نمونەی شیعری و ناوی چەندین شاعیر لە ئەدەبی باڵادا دەهێنیتەوە و دەڵێت "شاعیرە باشەکان ئەوانەن کە ژمارەیان کەمە".

لە بەشێکی گفتوگۆکەدا شێرکۆ بێکەس تیشک دەخاتە سەر زمان و ئەدەب و کاریگەریی شاعیرانی نەتەوەکانی دراوسێ، لەسەر شاعیرە نوێیەکان  و  ئەو تەوژمە شیعریەی بەتایبەت کە لەدوای ڕاپەڕینەوە سەریهەڵداوە.

شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەسى شاعیرە و ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، شێرکۆ تەمەنی هەشت ساڵان بووە کە بێکەسی باوکی کۆچی دوایی کردووە، یەکەم شیعری لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە ڕۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە، ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین کتێبی شیعری خۆی بە ناوی تریفەی ھەڵبەست لە بەغدا چاپکردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی ئەو سەردەمە بانگەشەى گۆڕانکارییان لە شیعرى کوردیدا کردووە کە بە گروپى ڕوانگە ناسراون.

ساڵى ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی کە نزیکەى ٤٥ کتێبە لە ھەشت ھەزار پەڕەدا چاپکراون کە خۆى دەبینێتەوە لە نوسین، شیعر، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، پەخشان، داستان و چەندین بەرهەمى دیکە، شێرکۆ بێکەس ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەردەگرێت، خەڵاتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی سوید ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەشکرا، جگە لەوەش چەندین خەڵاتی دیکەى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى وەرگرتووە.

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٤ى ئابى ٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

ئ.ل