وێنە.. ١٧٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا هەرێمی کوردستان لەسەر زەریا بووە

2020-05-01

19063 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زانایانی بواری جیۆلۆجی (زەویناسی) بە سودوەرگرتن لە جوڵەی بیرکارییانەی ئێستای پلێتەکانی ژێرزەوی، توانیویانە شێوەی دابەشبوونی ناوچەکانی سەرزەوی بۆ سەدان ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بگێڕنەوە و وێنەی دیجیتاڵیی لێبگرنەوە، بەوەش بەر لە ١٧٥ ملیۆن ساڵ، هەرێمی کوردستان لەسەر زەریا بووە.

زانایانی بواری جیۆلۆجی و میتیۆرۆلۆجی باس لەوە دەکەن، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا گەیشتوون بەوەی کە نزیک بە ٣٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، سەرجەم ناوچە وشکاییەکانی سەرزەوی بە وڵاتان و کیشوەرەکانی ئێستاوە، پێکەوەلکاوبوون و دواتر لە نزیکەی ١٧٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەردا بەهۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێرزەوییەوە (کە لە ئێستاشدا دەجوڵێن و هۆکاری بومەلەرزەکانیشن) دەستیان بە جیابوونەوە کردووە.

ئەوەی جێی تێبینییە، لە ١٧٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەردا، هەرێمی کوردستان (بە تایبەتی بەشی رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵات) لەسەر زەریا بووە و لەوکاتەشدا وڵاتی ئێران تەنیا بەشێکی (بە ئەگەری زۆر بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان) بە هەرێمەوە لکاوبووە، بەشەکەی دیکەی ئێران کە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەش لەخۆی دەگرێت، هەزاران کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوور بووە.

بەگوێرەی هەندێک توێژینەوەی زانستی دیکە کە پێشبینی داهاتووی زەوییان کردووە، شێوەی ناوچە وشکاییەکانی سەرزەوی هەر لە گۆڕاندا دەبێت و لە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن ساڵی داهاتوودا، دیسان هەموو وڵات و کیشوەرەکان پێکەوە دەلکێنەوە.