٣٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هێمنی شاعیردا تێپەڕدەبێت

2020-04-16

2932 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هێمنی شاعیرەدا تێپەڕدەبێت، کە زۆرترین هۆنراوەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراوە بە گۆرانی.

هێمن موکریانی شاعیر کە لای زۆربەی ئەدیبانی کورد بە یەکێک لە سێکوچکەی موکریان ناودەبرێت و خاوەنی چەندین هۆنراوەی کوردی پەتی تایبەت بەخۆیەتی و لەلایەن زۆرێک لە هونەرمەندانەوە کراوە بەگۆرانی، هاوکات چەندین بڕوانامە لەسەر هۆنراوەکانی بەدەستهاتووە و چەندین لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لەسەر هۆنراوەکانی کراوە بەتایبەت هۆنراوە نیشتیمانیەکانی.

ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمانە کە لە کۆمەڵەی ژ-کاف و کۆماری کوردستاندا وەکو پێشمەرگەیەک خزمەتی بە نەتەوەکەی دەکرد، لە نێو تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە کە ھەر یەکەی ناوی نھێنیان ھەبوو، بە ھێمن ناسرا و ھەر وەکوو بۆخۆی دەڵێ:

شاعیری ھیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی ھەبووە کە ئەو ناوە دوورودرێژەی (سەید محەممەد ئەمینی شێخەلئیسلامی موکری) لە کۆڵ کردوومەتەوە، ئەمڕۆ ٣٤هەمین ساڵیادی ئەو شاعیرەیە.

 ئەمانەش  بەشێکن لە بەرهەمەکانی:

دیوانی ھێمن

بارگەی یاران

تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤

پاشەرۆک (شیعر و پەخشان)

) توحفەی موزەففەرییە)

(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە و ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی)

شازادە و گەدا

قەڵای دمدم

ھەواری خاڵی

چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز

ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی)

ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩

پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

یەکێک لە هۆنراوە هەرە دیارەکانی ئەم شاعیرە هۆنراوەی "ناڵەی جوداییە" کە ئەمە چەند دێڕێکی هۆنراوەکەیە:

ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە

ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە

موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن

زۆربەیان شاد و بە کەیف و بێ خەمن

مەی حەرامە بۆ سەھەندە و بێ خەمان

مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟

ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە

لێی حەرامم بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە

هێمنی شاعیر ناوی تەواوی سەید محەمەد ئەمینی شێخەلئیسلامی موکریە، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی لاچینی سەربە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، لەرۆژی ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە تەمەنی ٦٥ ساڵی کۆچی دواییکرد، لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق لە شاری مهاباد بەخاکسپێردرا.