فێستیڤاڵێکی شانۆیی بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت

2020-04-01

2131 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "بۆ شانۆی پانتۆمایم" لەهەرێمی کوردستان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

نەژاد نەجم ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، ئامانج لەم شێوازە نوێیەی کارکردن بۆ دووبارە گرنگیدانە بە هونەری شانۆ تاکو بەهرە و توانای هونەرمەندان بە شێوازێکی دیکە بخەینەوە بەرچاوی بینەر و هونەرمەندان لەم دۆخەدا دووبارە خزمەت  و توانای خۆیان دووپات بکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو کارانەی کە وەردەگیرێت مەرجە پانتۆماییم بێت واتا شانۆی بێدەنگ و لە 10 خولەک کەمتر نەبێت و لە ٣٠ خولەک زیاتر نەبێت، یەکێک لە مەرجەکانی دیکەی فێستیڤاڵ  ئەوەیە دەبێت ئەندامانی خێزان بینەری کارەکەبن، واتە بینەر هەبێت و بەتۆمارکراوی بنێردرێت بۆمان،  مەرجە خێزانەکە کە بینەرە  ببینرێت لە کاتی ڤیدیۆی تۆمارکراو،

ئاماژەی بەوەش کرد، ڤێستیڤاڵەکە نێودەوڵەتییە و کاری بیانیشی تێدایە، لە ڤێستیڤاڵەکەدا سێ شانۆکاری بە ئەزمون و بەتوانا دیاریکراوە وەک لیژنەی داوەران، چونکە فێستیڤاڵەکە چەندین خەڵاتی وەک یەکەمی ڤێستیڤاڵ و ڕێزلێنانی وەک بەشداربوانی تێدایە و دواتر بە شێوازێکی تایبەت خەڵاتەکان دەگەینرێتە یەکەمەکان.

 فێستیڤاڵی شانۆیی ئۆنلاین بۆ شانۆی بێدەنگ، بەسەرپەرشتی دەزگای ڕۆشنبیری و ھونەری کەرکوک و گروپی شانۆی ھەوار لە ئایندەیەکی نزیکدا ساز دەکرێت و بەڕێوەدەچێت.