نوێترین کتێبی هونەری چێشتلێنان بڵاودەبێتەوە

2018-07-02

16270 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ نوێترین کتێبی هونەری چێشتلێنانی خانمە چێشتلێنەری کورد (تارا ئەمین سەپان) بڵاودەبێتەوە.

تارا ئەمین سەپان لەبارەی کتێبەکەیەوە بۆ ماڵپەڕی NRT2 وتی: "دوای ساڵێک ماندووبوون و کارکردن کتێبەکەم ئامادەکردووە، کە تایبەتە بەهونەری چێشتلێنان، کتێبەکە لە ٢٦٠ پەڕەی ڕەنگاو ڕەنگ پێکهاتووە و لەگەڵ دیڤیدیەک کە بەڤیدیۆ شێوازەکان و چۆنیەتی ئامادەکردنی خواردنەکانم تۆمارکردووە."

بابەتەکانی کتێبەکە پێکهاتوون لە چۆنیەتی ئامادەکردنی ( خواردن، شیرینی، ساردەمەنی، ئیشی هەویر، زەڵاتە، موقەبیلات، شەربەت، ترشیات، پیتزا، خواردنە کوردییەکان)

ئەو خانمە چێشتلێنەرە لەبارەی کات و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەوە وتی: " پاشنیوەڕۆی سبەینێ سێشەممە لەهۆڵی تەوار لە سلێمانی بە واژووی خۆمەوە کتێبەکە بڵاودەکەمەوە."  

تارا ئەمین سەپان، ساڵی ۱۹۷۳ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، پاشان هاتووەتە سلێمانی ، ماوەی ٢٠ ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، لە ئێستادا خاوەنی چێشتخانەیەکە لە ئەڵمانیا، ماوەی پێنج ساڵە بەردەوام لەبواری فێرکاری خواردن و چێشتلێناندا کاردەکات، وەک خۆی دەڵێت چەندین کەس لەسەر دەستی ئەو فێری هونەری چێشتلێنان بوون.