سەردێڕ:

یاسر مەنسوور بارزانی: خاوەنی کێڵگەی نەوتی لانازوکۆمپانیای گورگە ڕەشەکانم

PM:02:22:13/10/2021
17876 جار خوێندراوەتەوە
حەکیم داود قەرەداغی
+ -

خوێنەری بەڕێز، ئەوەی لەم بابەتەدا دەیخوێننەوە، بیروڕای من نییە، بەڵکو وەرگێڕانی بابەتێکی یاسر مەنسوور مستەفا بارزانییە. بۆ ئەوانەی ئینگلیزی دەزانن دەتوانن کلیک بکەن بۆ خوێندنەوەی بەو زمانە.
ئەم بابەتە کوڕە گەورەکەی مەنسوور بارزانی لە چەند پێگەیەکی ئینتەرنێت بڵاویکردۆتەوە لەشێوەی چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی.
بابەتەکە سەرەتا بەوە دەستپێدەکات کە ھەرچەندە یاسر مافی خوێندن و کارکردنی لە ئەمریکا ھەیە، بەڵام لەپێناو شەڕی داعش گەڕاوەتەوە و لەگەڵ باوک و باپیری داعشیان تێکشکاندووە. 
یاسر دەڵێ سەرەتا لەناو حکومەتی ھەرێمەوە دەستی بە ئیشکردن کردووە کە باوکی فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان و لەشکری تایبەتی یەکە، لە ٢٠١٧ پۆستێکی باڵای لەنێو دژە تیرۆری کوردستان پێدراوە. وەک لە بابەتەکە دەڵێ (شەڕی داعش و) ئەم پۆستە نوێیە ناوبانگی لەنێو کوردستان ھەڵکشاندووە چونکە ھەموو دەڵێن کەسێکی خۆنەپەرست بووە و قوربانی بە خۆی داوە وازی لە ئیش و خوێندنی لە ئەمریکا ھێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. ھەر ئەم ھەنگاوەشی بووەتە رێنیشاندەری زۆر کەسی دیکە.  دەشڵێ، من دەیان بژاردەی دیکەی ئاسان و باشم ھەبوو بەڵام گەڕانەوەم بۆ کوردستان ھەڵبژارد.
یاسر دەڵێت، ئەم کوالێتیانە لە کەسایەتی ئەودایە لە بنەماڵەکەیەوە فێربووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت "ھەرچەندە پێویست نەبووە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بن" بەڵام نەوە دوای نەوە بارزانییەکان بەرەی پێشەوەی شەڕیان بۆ خۆیان ھەڵبژاردووە.
لە بابەتەکە ئەوەش ھاتووە، سەرباری ئەوەی بووەتە رەمزێکی نەتەوەیی و فەرماندەیەکی قارەمان، یاسر مەنسوور بارزانی ھەروەھا بازرگانێکی سەرکەوتووشە. یاسر ھەر خۆی چەند نموونەیەک ئاشکرا دەکات کە چەندین جار باسکراوە و لەلایەن بەرپرسانی پارتی رەتکراوەتەوە.
یاسر دەڵێ کێڵگەی نەوتی لاناز ئەوی دایمەزراندووە. ھەروەھا کۆمپانیای ئەمنی گورگە رەشەکان (Black Wolf Security) ھەر خۆی دایمەزراندووە و سەرپەرشتی دەکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی من و زانیاری فەرمی کە لە وێبسایتی لاناز ریفاینەری ھەیە، کێڵگەکە رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت. 
کۆمپانیای ئەمنی گورگە رەشەکانیش لە ھەولێر و ھەموو عێراق کاردەکات و یەکێکە لە کۆمپانیا ھەرە گەورەکانی بواری سیکیوریتی و ئاسایش. یاسر دەڵێت ھەوو ئەزموونە جەنگی و سەربازییەکانی خۆی خستووەتە خزمەت کۆمپانیاکە.

گەلەری