هی خۆم بۆخۆم هی تۆش دەخۆم!
PM:11:39:29/11/2024
1656 جار خوێندراوەتەوە
کۆژین بەهادین مەحمود
+
-
بڕیارم دابوو
هیچ لەسەر موچە نەنوسم، بەڵام کورد وتەنی، پیاو دەگاتە تینی! ئاخر بە چی ویژدانێک
رەوایە یاری بە قوتی خەڵکەوە بکرێت؟ تا کەی میللەت چەوساندنەوە؟ کاتی نەهاتووە ئیتر
مل بەن و ئەم خەڵکە بەشمەینەتەی هەرێم هێندە عەوداڵی هەواڵی هات و نەهاتی موچە نەبێت؟
دوای بڕیارەکەی
دادگای فیدراڵیی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ بەبانکیکردنی "تەوتینی"
موچەی موچەخۆرانی هەرێم، هیوایەک دروست بوو کە دوای 10 ساڵ ئیتر موچە بەیەکجاری
چارەسەر دەبێت و "پاشەکەوت و لێبڕین و موچەنەدان" دەبنە مێژوو، ئیتر هەموو
مانگێک لە وادەی خۆیدا بەبێ دواکەوتن موچە دەچێتە سەر هەژماری موچەخۆران.
با شتێکتان بیر
بخەمەوە، تا تەواوکردنی پڕۆسەی تەوتین، حکومەتی عێراق و هەرێم رێکەوتن کە بەغدا
مانگانە پارەی موچە بۆ هەرێم بنێرێت، لەبەرامبەردا هەرێم دوو شت رادەست بکات، یەکەمیان
400 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دووەمیشیان نیوەی داهاتی ناوخۆ، بەغدا پابەند بوو بە
ناردنی پارەی موچەوە تا مانگی 9، بەڵام وا دەگەینە مانگی 12، تا ئێستا پارەی موچەی
مانگی 10 نەهاتووە، موچەخۆرانیش دەپرسن بۆ؟ با من پێتان بڵێم.
لەسەر پرسی نەوتەکە،
بەپێی ئەوەی تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووەتەوە بەغدا گلەیی لەوە
نەکردووە، هەرچەندە پارتی و شەریکەکەی بەردەوام بە تانکەر نەوتیان فرۆشتووە لە رێگەی
تورکیا و ئێرانەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجی بەغدایە، داهاتی ناوخۆی هەرێمە، چونکە بەپێی
رێککەوتنەکەی نێوانیان، دەبێت هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، تەنها نیوەی
نەک هەمووی! هەر بە قسەی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانیش، داهاتی ناوخۆی هەرێم
لە 10 مانگدا زیاتر لە چوار ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، بەڵام تا ئێستا کەمتر
لە 400 ملیاریان رادەستی بەغدا کردووە، ئێ بەپێی رێککەوتنەکە دەبوایە لانیکەم دوو
ترلیۆن و 250 ملیاریان رادەستی بەغدا بکردایە، بەڵام مەسرور بارزانی و کەناڵەکانیی
سەر بە پارتی باس لەمە ناکەن و بەغدا و وەزارەتی دارایی عێراق وەک دوژمنی کورد دەناسێنن
و لە رێگەی جوڵاندنی سۆزی خەڵکەوە لۆبی بۆ خۆیان دەکەن.
رادەستنەکردنی
ئەو پارەیە بە بەغدا لەلایەک، بەغدا دەیوت کاکە داهاتی ناوخۆی چوار مانگم رادەست
بکەن، پارەی موچەی مانگی 10،11 و 12ـتان وەک چاوی کەڵەشێریی بۆ دەنێرم، جەنابی کاک
مەسرور وتی قبوڵمان نییە و دینارێک چییە رادەستی ناکەین، ئاخر جەنابی براگەورە تۆ
رێکەوتوی پارەکە بنێری!! دەی ئێستا بەغدا دەڵێت باشە مانگی 760 ملیار دەنێرم و باقیاتەکەی
خۆتان لە داهاتی ناوخۆ پڕی بکەنەوە، کاک مەسرور دەڵێت قبوڵمان نییە و دەبێت ترلیۆنەکەی
جاران بنێری بۆ ئەوەی موچەی پێ دابەش بکەم و چاویشتان بە یەک دیناری داهاتی ناوخۆ
ناکەوێت، ئیتر خەڵک کەیفی خۆیەتی قەرزارە، پارەی پێ نییە، ژیانی نەماوە، گرنگ ئەوەیە
گیرفانی خۆم پڕ بێت، بە کوردی و بە کورتی، بە بەغدا دەڵێت، هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش
دەخۆم!!!