کابینەى پڕۆژە و کابینەى پۆست دابەشکردن..!
PM:01:57:28/11/2024
2048 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
لەهەموو ڕووەکانەوە پێکهێنانى کابینەى دەیەم
ئاڵۆزە و بەقۆناغێکى هەستیاردا تێپەڕدەبێت، ئەمە بەشێکى پەیوەندییان بەگۆڕینى هاوکێشەى
هێزەوە هەیە، کە جیا لەڕابردوو هەریەکە لەپارتى و یەکێتى ناتوانن کابینەکە پێکبهێنن
و بێ منەتبن و بەشێکێشى پەیوەندییان بەچاوەڕوانى هاوڵاتیانەوە هەیە هەرێم لەبەردەم
مەترسیە جدییەکاندا دووربخرێتەوە، ئەوەش بەگەڕانەوەى مافەکانیان و پتەوکردنى دامەزراوە
شەرعییەکانى لەوانە پەرلەمان و سەرۆکایەتى و دامەزراوەى قەزایى و سەرخان و ژێرخانە
ئابورییەکەى، بۆ ئەمانەش دەبێت گۆڕانکارى لەسیستمى حکومڕانیدا ڕووبدات، دەستى حزب
دووربخرێتەوە و دەستى خزمەتگوزارى بۆ خەڵکى بگەڕێتەوە..!
ئەمەیان چۆن دەکرێت..؟ پێشتر تەنها شێوازێکى
پێکهێنانى کابینەى حکومەت پێادەکراوە، پارتى و یەکێتى لەسەر بنەماى دابەشکردنى پۆستەکان
و بەشکردنى داهات کابینەیان پێکهێناوە، چ بەڵێنێکیان لەکاتى بانگەشەدا بەخەڵک ولایەنگرانى
خۆشیانداوە جێبەجێیان نەکردووە، دواى تێکچوونى سادەترین بەرژەوەندییان کابینەکەیان
کردۆتە قوربانى ململانێکانیان هەربۆیە نمایندەى هەموو هەرێمى نەکردووە وبڕیار و هەنگاوەکانیشى
نەک دڵى خەڵکى خۆشنەکردووە بەڵکو بۆتە بارو گرانى بۆ ژیان و قوتى خەڵکى و بازاڕ و
بگرە زۆر پرسى ئەمنیى دیکەش کە پەیوەندییان بە ڕوداوە هەرێمایەتیەکانەوە هەبووە.
گەر پارتى و یەکێتى بیانەوێت ئەم شێوازە لەپێکهێنانى
کابینە دووبارە بکەنەوە، ئەوا ئەنجامەکەى دیار دەبێت چارەنوسى لەکابینەى نۆیەم
باشتر نابێت و لەگەڵ خۆشیدا هەرێم دەخاتە بەردەم دەیان مەترسى نادیارى دیکەوە بەتایبەت
لەئێستاى ئاڵۆزى دۆخى ناوچەکە و فشارەکانى عێراق و چەندین بڕیارو هەنگاوى دیکە لەدژى
هەرێم کە پێشتر گیراونەتە بەر و پێشبینى دەکرێت درێژەیان هەبێت.
لەبەرامبەر ئەمەشدا سەردەم و مۆدێلێکى دیکەى
پێکهێنانى کابینە هەیە کە لەپڕۆژەکەى نەوەى نوێدا وەکو هێزى سێییەم و یەکلایى کەرەوە
بۆ کردنەوەى گرێ کوێرەکانى پێکهێنانى کابینەکەپێشنیار کراوە، ئەمجۆرە پڕۆژەیە پشت نابەستێتە دابەشکردنى پۆست و ئیمتیازات
لەنێوان چەند حزبێکدا، بەڵکو هاوڵاتى لەڕێگەى گەڕاندنەوە و دابینکردنى مافەکانییەوە
بەهێز دەکرێت، دووبارە دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێم دوور لەدەستى حزب پێکدەهێنرێتەوە،
بەشێوەیەک ئەو دامودەزگایانە لەخزمەتى هاوڵاتیانى هەرێمدا دەبن بەپلە یەکەم، لەوانە لێخۆشبون لە ٨٠% ى قەرزى سەرهاوڵاتیان،
دامەزراندنى گەنجان، گەڕاندنەوەى داهاتى ناوخۆى بۆ خەزێنەى گشتى، دابینکردنى خزمەتگوزارى
تەندروستى،گەڕانەوەى پاشەکەوت و پلەبەرزرکردنەوەى فەرمانبەران و چارەسەرکردنى کێشەکانى
بەردەم تەوتینى موچە، بەهێزکردنى نەخۆشخانە گشتیەکان، چاودێرى کردن و لێپرسینەوە،
وەگەڕخستنى پڕۆژەى ئاواکردنى خزمەتگوزارییە گشتیەکان، ڕێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە،
دوورخستنەوەى دەستى حزب لەدامەزراوەى قەزایى...تد.
ئەمانە
پڕۆژەى حکومڕانیەکى تەندروستن، هەرێم و خەڵکەکەى لەتەنگەژە قورسەکان دەرباز دەکات،
لەدواجاریشدا بڕیارى ڕێکەوتن و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى
موچە و داهات و سەروەرییەکان لەدەستى حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە دەگەڕێنرێتەوە
دەستى دەزگا شەرعییەکان، ئەوکات بەپێى بەرژەوەندى خەڵک و موچەخۆران بڕیاردەدرێت نەک
بەپێى بەرژەوەندى بەرپرسێک یان بنەماڵەیەکى دەسەڵاتدار و کۆمپانیاکەى، پڕۆژەکەى نەوەى
نوێ مۆدیڵى حکومڕانیەک دەهێنێتە سەرزەوى لایەنگرێکى پارتى و یەکێتى و هەموو هاوڵاتیانى
هەرێم لێى سودمەند بن، لەسەر دابەشکارى و پەرتکرن و جیاوازى لەنێوان ناوچەکانیشدا
ناهێڵێت، هاوڵاتیەک لەدهۆک و هەولێر و سلێمانى و کفرى و خانەقین وەکو یەک سودى لێ
دەبینن، ئەم پڕۆژەیە گەر ڕەتبکرێتەوە بۆ پکێهێنانى کابینەى دەیەم، ئیدى بەرپرسیارێیتە
مێژووەکەى دەکەوێتەوە سەر شانى پارتى و یەکێتى..