سەردێڕ:

کاریزما و سیاسەت

PM:02:20:13/10/2021
3824 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵا
+ -

لە ماوەی  پێشوودا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئەڵمانیا کراو دەرئەنجامەکەشی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو، ئەوەش لەبەر دوو ھۆکار. یەکەم: ئەم ھەڵبژاردنە  مانای   کۆتایی ھێنان بوو  بە حوکمی ١٦ ساڵەی پارتی دیموکراتی مەسیحی کۆنەپارێز و ھاوپەیمانەکەی، ھەرچەندە بە تەنھاش  حوکمیان نەکردووە، بەڵکو لەماوەی ئەو ١٦ ساڵەدا زۆرجار لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان بوون. دووەمیان: ئەم ھەڵبژاردنە بەبێ ئەنگیلا مێرکڵ بەڕێوەچوو، چونکە بڕیاریدا کە بۆ چوارەمین جار خۆی ھەڵنەبژێرێتەوە. بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو، ھەڵوێستی گەلی ئەڵمانیا بوو بەرامبەر بە پارتەکەی مێرکڵ، ھەر لەپاش نەمانی ئەم سەرکردەیە، ئەم پارتە متمانەی بەشێکی زۆری گەلی ئەڵمانیای لەدەستدا.
ئەم رووداوە کلیلی پرسیاری گرنگی دایە دەستمەوە، ئەویش ئەوەیە ئایا تاچەندە کاریزما رۆڵی لە سیاسەتی ئەمڕۆماندا ھەیە؟ بۆچی گەلی ئەڵمانیا سەرەتا بە ترس و گومانەوە پێشوازیی لە مێرکڵ کرد، کەچی ئێستا بۆی نیگەرانن؟ تاچەندە کاریزما رۆڵی لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییی و خۆرھەڵاتیدا ھەیە؟ 
ھەوڵ دەدەم لەم وتارەدا چەند سەرنج و تێبینییەکی خۆم لەمبارەیەوە بنووسم، کە لەوانەیە بتوانێت وەڵامی بەشێک لەم پرسیارانە بداتەوە.  
ماکس ڤیبەر و کاریزما
ماکس ڤیبەر لە ساڵی ١٨٦٤ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٢٠ کۆچی دوایی کردووە، ئەو فەیلەسوف و کۆمەڵناسێکی ناسراوی ئەڵمانیا و جیھانە و  بە یەکێکیش لە باوکە مەزنەکانی بواری «کۆمەڵناسیی مۆدێرن» دادەنرێت و خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی فیکری گرنگە لە پێش ھەمووشیانەوە» ئەخلاقی پرۆتستانیی و رۆحی سەرمایەداری « کە لە ساڵی ١٩٠٥ دا نووسیویەتی، جگە لە کۆمەڵێک کتێبی تر، کە ھەتا ئەمڕۆش جیھان پێیان سەرسامە. یەکێکێش لەو کتێبانەی « Politik als Beruf سیاسەت وەکو پیشە» کە لە ساڵی ١٩١٩ دا نووسیویەتی واتە ساڵێک پێش مردنی، لەم کتێبەدا بە وردی باسی تێڕوانینی سیاسی خۆی کردووە ھەروەھا باسی کەسی سیاسی کردووە، لە ھەمووشی گرنگتر باسی چەمکی «کاریزما»ی کردووە و گرنگی ئەم چەمکە لە ژیانی سیاسیدا دەرخستووە. 
کاریزما
Charisma کاریزما لە وشەیەکی کۆنی یۆنانییەوە ھاتووە مانای «نیعمەتێکی خودایی» دەگەیەنێت کە خودا دەیبەخشێتە کەسێک. پاشتر ئەم وشەیە لە رێگەی ماکس ڤیبەرەوە ھاتە ناو فەرھەنگی سیایسیەوە. بەپێی تێڕوانینی ماکس ڤیبەر بێت کاریزما مانای بوونی ماگنێتێکی بەھێز لەلایەن کەسێکەوە کە وا دەکات خەڵکانی تر دوای بۆچوونە سیاسیی و فکرییەکانی بکەون و تەواوی ئیرادەی خۆیان بخەنە ژێر رکێفی کەسێکەوە کە خاوەنی کاریزما بێت. ئەمەش لەناو بزاوتە ئایینی و سیاسییەکاندا زۆر گرنگە، ھەروەھا رۆڵێکی بەرچاویشی ھەیە لە قۆناغە گرنگەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بەتایبەتی لە کاتی شۆڕش و راپەرینە جەماوەرییەکاندا. لای ماکس ڤیبەر دوو کەسایەتی خاوەنی کاریزمایەکی بەھێز بوون.  یەکەمیان « حەزرەتی مەسیح»، ئەوی تریشیان ناپۆلیۆن پۆناپارتی فەرەنسا.  یەکەمیان لە بواری ئایینیدا شۆڕشێکی گەورەی  جیھانی کردووە. ئەوی دووەمیشیان لە رووی سیاسییەوە، گۆڕانکاریی گەورەی لە فەرەنسا و جیھاندا کردووە. 
بە ھەرحاڵ لە سەرەتای سەدەی بیستمەوە ھەتا ئەمڕۆش، کۆمەڵێک کەسایەتی جیھانی رۆڵی گەورەیان ھەبووە لە رووداوە گرنگەکانی ژیانی سیاسی مرۆڤایەتیدا،  جا رۆڵەکە خراپ بووبێت لە نموونەی « ھیتلەر و ستالین»، یان باش بووبێت لە نموونەی " گاندیی و ماندێلـلا".
بەگشتی دەتوانم بڵێم کاریزما لەم سەدەیەدا رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ژیانی سیاسی ھەموو جیھاندا، بەتایبەتی لەناو گەلانی جیھانی سێھەمدا.
لە خۆرئاوادا بەتایبەتی لە ئەمریکا بە حوکمی بوونی دامودەزگای بەھێزی دەوڵەت و سیستمێکی تۆکمەی دیموکراتی، تاڕادەیەک کاریزما ئەو رۆڵەی نەبووە لە ژیانی سیاسیدا، چونکە لێرە ھەموو چوار ساڵ جارێک، ھەڵبژاردن  دەکرێت و سەرۆکیش تەنھا یەک جار بۆی ھەیە خۆی ھەڵبژێرێتەوە، واتە سەرۆکێک بۆ ماوەی چەندین ساڵ نامێنێتەوە تا کاریگەریی گەورە بەسەر حزب و کۆمەڵگەدا دروست بکات. ھەروەھا حزب و میدیاش،  پسپۆڕن لە دروستکردنی سەرکردەدا.
بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەوروپادا ھێشتا کاریزما لە ژیانی سیاسیدا رۆڵی ھەیە. ئەوەش لەبەر جیاوازیی سیستمی دیموکراتی، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی تری ئەوروپادا، سەرۆک بۆی ھەیە چەندین جار خۆی ھەڵبژێرێتەوە، دیارە جگە لە فەرەنسا کە سەرۆک تەنھا یەکجار بۆی ھەیە خۆی ھەڵبژێرێتەوە. 
ئێمە وادەزانین کە کاریزما تەنھا لە خۆرھەڵات و جیھانی سێھەمدا رۆڵی گەورەی ھەیە لە ژیانی سیاسیدا، بەڵام لە راستیدا لە ئەوروپاشدا کاریزما رۆڵی گەورەی ھەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا.
کاریزما و سیاسەت لە ئەڵمانیا
وا بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ دەچێت کە لە ئەڵمانیادا سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی ھەیە و دووبارە رێگە نەدراوتەوە کە سیستمێکی دیکتاتۆری  ھاوشێوەی نازی دروست بێتەوە، بەڵام کاتێک سەیری ژیانی سیاسی ئەڵمانیا دەکەیت، ھەمیشە خاوەنی جۆرە سەرکردەیەک بووە کە دەتوانین بڵێین سیمایەکی کاریزمایی گەورەیان ھەبووە. ئەمەش لە ھەردوو پارتە سیاسییە تەقلیدییەکاندا دیارە کە ئەوانیش «پارتی دیموکراتی مەسیح و پارتی سۆشیال دیموکرات» لە سەدەی پێشوودا خاوەنی سەرکردەی وەکو کۆنردار ئادناوەر، ھیلمۆت کۆڵ، کە سەربە پارتی مەسیحی دیموکرات بوون. ھەروەھا ڤیلی براند و کارل شمیت لە پارتی سۆشیال دیموکرات. 
لەپاش نەمانی ھیلمۆت کۆڵ  و شکستی لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٨ دا لەبەرامبەر گێرھارد شرۆدەردا ، پارتی دیموکراتی مەسیحی رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بۆوە، چونکە ھیلمۆت کۆڵ خاوەنی کاریزمایەکی بەھێز بوو لەناو پارتەکەدا، ئەمەش حزبەکەی رووبەڕووی کێشەی سەرکردایەتی کردەوە، لەناو ئەم حزبەدا کۆمەڵێک کوتلە ھەبوون ھەریەکەیان خۆی دانابوو ببێتە جێگرەوەی کۆڵ، بۆ یەکەمجار ڤۆلڤگانگ شۆیبلە  بۆ ماوەی دوو ساڵ  بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٩٩ بەھۆی ئاشکرابوونی دۆسێی گەندەڵی ھاوکارییکردنی دارایی حزبەکە، دەستی لەکارکێشایەوە. ئەمەش ھێندەی تر کێشەی سەرکردایەتی لەناو حزبەکەدا دروستکرد، دواجار جۆرە رێکەوتنێکیان کرد کە لاوازترین کەسایەتی بۆ سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێرن کە ئەویش ئەنگێلا مێرکل بوو. 
ئەنگێلا مێرکڵ
ئەنگێڵا مێرکڵ چەند خاڵێکی لاوازی ھەبوو. یەکەمیان: ژن بوو، چونکە راستە کۆمەڵی ئەڵمانی کۆمەڵێکی مۆدێرنە و ماوەی چەندین ساڵیش بوو، کە ژن بەشداریی کارای ژیانی سیاسەتی کردبوو، بەڵام ھێشتا پیاوان زاڵبوون بەسەر سیاسەتدا. دووەم خاڵی لاوازی سەربە مەزھەبی  پرۆتستانت بوو، لە تەواوی مێژووی پارتی مەسیحی دیموکراتیشدا ئەوانەی بوونەتە سەرۆکی ئەم پارتە کاتۆلیک بوون. سێھەمین خاڵیی لاوازی مێرکڵ خەڵکی ئەڵمانیای خۆرھەڵات بوو، کە ھەتا ئەمڕۆش جۆرە ھەستیارییەک لە نێوان ھەردوو کەرتی ئەڵمانیادا ھەیە. 
ھەر ئەمەش وایکرد کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٢ دا سەرکردایەتی پارتەکە ھیچ باوەڕی بە مێرکل نەبوو کە بیکەنە کاندیدی پارتەکە بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا، چونکە دەترسان لەبەرامبەر شرۆردەردا بیدۆڕێنێت، ھەربۆیە چوون ئەدمۆن شتۆیبلەیان ھێنا کە سەرۆکی پارتی مەسیحی کۆمەڵایەتیی و سەرۆکی ویلایەتی بایەرن بوو، ئەم پارتە ماوەی ٥٠ ساڵە ھاوپەیمانی پارتی مەسیحی دیموکراتە و زیاتر بە پارتی ھەرێمی «بایەرن» دەناسرێت. ھەرچەندە لەو ھەڵبژاردنەشدا ھەر شرۆدەر بردییەوە، چونکە توانی زۆر بەباشی کێشەی جەنگی داگیرکردنی عیراق بەکاربھێنێت. 
بەھەرحاڵ کاتێک مێرکل ساڵی ٢٠٠٥ بەوپەڕی دوودڵییەوە پارتی مەسیحی دیموکرات بەشداریی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، بەڵام ھێندە شرۆدەر لەلای خەڵکی ناشیرین بوو، لەڕقی ئەو دەنگیان بە مێرکل و پارتەکەی دا. ئەمەش خێری پێوە بوو بۆ ئەڵمانیا، چونکە ھەلی ئەوەی رەخساندا کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەڵمانیادا ژنێک ببێتە راوێژکار. 
مێرکل لە ماوەی حوکمڕانیدا بۆ تەواوی گەلی ئەڵمانیا دەرکەوت، کە ژنێکە توانایەکی بەھێزی ھەیە و دەتوانێت گەلی ئەڵمانیا زیاتر بەرەو پێشەوەبەرێت و لە کۆمەڵێک تەنگەژەی گەورەی سیاسی و ئابووریی جیھانی و ناوخۆیی بیپارێزێت.  ھەرچەندە ئەمیش لە رەخنە و خاڵی لاواز بەدەر نییە. 
بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە، ھەرچەندە ئەڵمانیا خاوەنی سیستمێکی دیموکراسییە و گەلێکی ھۆشیاریشە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کاریزما رۆڵی لە سیاسەت و بیرکردنەوەی خەڵکیدا نییە، ئەوەتا بینیمان ھەر لەپاش نەمانی مێرکل لە سیاسەتدا، گەلی ئەڵمانیا ئامادە نەبوو، دووبارە دەنگ بداتەوە بە پارتەکەی مێرکل، ئەم بێ متمانیەییەش کۆمەڵێک ھۆکاری ھەیە، راستە خەڵکی ئەڵمانیا حەزی بە گۆڕینی ڤیگەری سیاسییە، ھەروەھا لە سیاسەتەکانی پارتی دیموکرات مەسیحی بێزارن، بەڵام دووبارە نەمانی مێرکل رۆڵی سەرەکی ھەبوو لەم بڕیارەی گەلی ئەڵمانیادا. 
دەرئەنجام
نەک تەنھا لەم رووداوە سیاسییە بەڵکو کاتێک سەیری مێژووی سیاسی خۆرئاوا و خۆرھەڵات دەکەین، دەبینین ھێشتا کاریزما رۆڵی بەرچاوی لەناو سیاسەتدا ھەیە. راستە کاریزما لایەنی باشی ھەیە لە کۆکردنەوەی خەڵکی و کاری دەستەجەمعی و خێراکردنی جووڵانەوەی سیاسی، بەڵام نابێت ئەوەشـمان لەبیر بچێت، ھەمیشە بوونی کاریزما مەترسییەکی گەورە بووە بۆ سەر ژیانی ئازادیی و دیموکراسی، چونکە کاریزما دەبێتە ھۆی لەدایکبوونی کەسایەتی ستەمکار و دیکتاتۆر، ھەروەھا خەڵکیش بەرەو نەفامیی و جەھلی سیاسی دەبات، کە ئەمەش وڵاتانی جیھان بەرەو  جەنگ و شکستی گەورە دەبات، چونکە ئەگەر گەل ھەموو دەسەڵات و ئیرادەی خۆی رادەستی کەسێک کرد، ئەوا زۆر ئاسانە خەڵکی بەرەو نەھامەتی بەرێت و حوکمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار دروست ببێت. 
ھەربۆیە دەبینین کاتێک سەرکردەیەکی کاریزمی نامێنێت، ئەو جووڵانەوەیە یان حزبە سیاسییە تەنانەت دەوڵەتەکەش، رووبەڕووی کێشەی گەورەی سیاسیی دەبێتەوە و کەس ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە و بەردەوامی بە ژیانی سیاسی بدات.  ھەربۆیە ھیچ کاتێک لەگەڵ بوونی کەسانی کاریزمیدا نیم و لەو باوەڕەدام چەندە سوودی ھەیە، دە ھێندە زیانی ھەیە بۆ ژیانی سیاسی، بەتایبەتی لە خۆرھەڵاتدا.

گەلەری