داوا سەیرەکەی وەزیری پێشمەرگە
PM:05:12:16/09/2021
21148 جار خوێندراوەتەوە
گۆران هەڵەبجەیی
+
-
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی سەربە یەکێتی،
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی ھەنگاریدا کۆبووەتەوە ، شاندەکە تێکەڵەیەک بووە
لە کەسانی ئەکادیمی و سەربازی لە کونسوڵخانەی ھەنگاریا لە ھەولێر.
تا ئێرە کارەکە ئاساییە، ئەوەی ئاسایی
نیەو جێگەی سەرسووڕمان و پێکەنینە، ئەو داوایەیە کە وەزیری پێشمەرگە ئاراستەی شاندەکەی
کردبوو.
فەرموو بزانن کاکی وەزیر چ جۆرە داواکاریەکی ئاراستەی شاندەکە کردووە :
{لە دیدارەکەدا وەزیری پێشمەرگە، باسی لە
خراپی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەردەوامی پڕۆسەی بەعەرەبکردن و
راگواستنی زۆرە ملێ کرد، بۆ ئەمەش وتی: {ھەنگاریا دۆستی دێرینی کوردە و خوازیارم لەرێگەی کەناڵە دیبلۆماسیەکانتانەوە
بەرۆڵی ئەرێنیی خۆتان ھەڵسن بۆ رێگەگرتن لەو پڕۆسە نامرۆڤانەیە کە دژ بە بەبەھاکان
و مافی مرۆڤە}.
بەڵێ داوای لە ھەنگاریەکان کردوە [لەڕێگەی
کەناڵە دیبلۆماسیەکانەوە] ڕێگە لە پرۆسەی بە عەرەبکردنی ناوچە دابڕاوەکان بگرن.
بەڕاست داواکاریەکەی ئەم وەزیرە بیرتیژە
لاتان سەیر نیە؟
بەھۆی ئەوەی حەوت ساڵ لەو وڵاتە ژیاوم،
ھاوژینەکەم ھەنگاریە، پەیوەندی بەردەوامم بە دۆستانی ھەنگاریم ھەیە، لە ڕێگەی کەناڵ
و ماڵپەڕە ھەنگاریەکانەوە ئاگاداری دۆخی سیاسی و ئابوری و لایەنی تری ھەنگاریام،
جا لەسەر ئەم بنەمایانە سەرنجەکانم لە بارەی ئەو داوا سەیرەی وەزیر دەخەمە ڕوو.
- ھەنگاریا
وڵاتێکی گچکەیە لە چاو وڵاتە زلھێز و دەوڵەمەندو خاوەن کاریگەریەکانی ئەوروپاو جیھاندا.
- لە
پاش ھەڵوەشانەوەی [ئیمپراتۆریەتی نەمساو ھەنگاریا ]ئەو وڵاتە ھیچ پێگەو سەنگ و کاریگەری
و ڕۆڵی نەماوەو نیە.
- تابۆی
کرابێت خۆی بەدوور گرتوە لە دەستتێوەردانی سیاسی لە دەوروبەرو وڵاتانی دیکە.
- تەنھا
شتێک کاری بۆ دەکات لەگەڵ وڵاتاندا مەسەلەی
بەرژەوەندی ئابوریە، ھەر ئەوەشە دەیجوڵێنێت.
- ھەنگاریا
وەک دەوڵەت و دەسەڵات دۆستی ھیچ وڵات و نەتەوەیەک نەبووەو نیە بە کوردیشەوە.
- بەھیچ
جۆرێک نایەوێت پەیوەندی تووندووتۆڵی لەگەڵ ھەرێمدا ھەبێت،ئەو کونسوڵگەرەیش ھەیانە
زیاتر بۆ کاری بازرگانی و ئابووری و کەلتووریە.
- کەسێک
کە سەر بە یەکێک لە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێمە و چەندین ساڵ لەوێ ژیاوە ، زۆر
ھەوڵیدا نوێنەرایەتیەکی حکومەتی ھەرێم بکاتەوە ، لە ئاکامدا ھەوڵەکانی شکستی ھێنا
و دەسەڵاتدارانی ھەنگاری نەچوونە ژێرباری،ئەمەش
ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ
حکومەتی عێراق دەکەن نەک ھەرێم.
- لە
نێو ھەموو نەتەوەیەکدا کەسانی ئەکادیمی و نووسەرو ھونەرمەند و ھاوڵاتی ھەن کە پشتگیری
گەلانی چەوساوە دەکەن ،لەھەنگاریاش بەھەمان شێوە ،بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە کەسانە
کاریگەریان نیە لەسەر ڕەوتی سیاسەتی حکومەتەکانیان .
بەدەر لەمانە چ حکومەت و چ کەسانی ئەکادیمی و سەربازی ھەنگاریا
، تەواو بێئاگان لەو کێشانەی ئەم وەزیرە باسی کردوون، ھاوکات دڵنیام ھەرگیز ناچنە نێو کێشەیەکەوە کە ھیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە.
دەپرسم لە وەزیر مەبەستی کەناڵی دبلۆماسی
چیە؟ یانی حکومەتی ھەنگاریا داوا لە حکومەتی عێراق بکات تا ئەو زەویانە بگەڕێننەوە
بۆکورد؟ ئەی بۆچی خۆتان ئەو کارە ناکەن؟
لەکۆتاییدا دەڵێم دۆسیەیەکی گرنگ و ھەستیار
کە حیزبەکەت و پارتی خیانەتتان لێ کردوە، چەندین ساڵە پشتگوێتان خستوە و بێدەنگیتان
کردوە لێی ،کردتانە قوربانی ململانێی ناشەریفانەی حیزبی و گۆڕیتانەوە بە بەڕێک نەوت، ئێستا دەتەوێت چەند کەسێکی بێدەسەڵاتی
ووڵاتێکی بێکاریگەر بۆتان بگەڕێنێتەوە؟ بەڕاستی جێگەی پێکە نینە.