سەردێڕ:

بەبۆنەی ١٦/٣ەوە سەبارەت بەپێویستی دووبارە بەنیشتیمانیکردنەوەی یاد و بۆنە نیشتیمانییەکان

PM:03:43:16/03/2023
5572 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانی
+ -

کۆمەڵگەی ئێمە بەدۆخی لەخود نامۆبوونێکی تاڵ ونەخوازراودا دەڕوات وتێدەپەڕێت، شتەکان بەجۆرێکی خراپ لە زەینی بەشێکی زۆرماندا تێکەڵاو بوون وتێکچوون.
رەفتاری زۆرێکمان بەجۆرێکە، وەك ئەوەی کورد و گەلی کوردستانی باشوور، لەگەڵبوون کەوتبێت، مێژووی بەھەڵم بوو بێت ویاداوەریی دەستە جەمعیمان وێران بووبێت وئومێد بۆ ھەڵسانەوەو ڕاستکردنەوە، چ جای سەرکەوتن ودەستپێشخەری بەدەستەوە گرتنەوە، لەئارادا نەمابێت.
بۆنە نیشتیمانییەکانمان، کاڵبوونەوە و بەکردەوە، وەك ئەوەی پێویستە بۆنەی نیشتیمانی نەماون و دەبێت دووبارە بیر لەبەنیشتیمانیکردنیان بکرێتەوە، چونکە ناتوانن لەرۆژێکیشدا بێت ھەموومان پێکەوە کۆبکەنەوە و ھەستێکی ھاوبەشمان پێببەخشن، ئەو بیرکردنەوەمان لا قوڵ بکەنەوە کە ئێمە خاوەن مێژوو ئازارو کارەسات ویادەوەری و خەمی ھاوبەشین، بۆیە دەبێت خاوەن ئێستاو ئایندەیەکی ھاوبەش بین. لەبەرئەوەی نەگونجاوەو ناگونجێت میللەتێك میللەت بێت و ڕۆڵەکانی لەسەر ھەموو شتێك جیاواز و ناکۆك بن و رەمز و بۆنە و دامەزراوە و یاداوەری ھاوبەشیان نەبێت بۆ شانازیپێوە کردن وخەمڵاندنی ناسنامەیەکی یەکگرتوو کۆکەرەوە.

پشت بەستن بە رەوایەتی مێژوویی و ھەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەیەکی کڵێشەیی بۆنە و یادەکان، لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە، لەگەڵ بەکارھێنانێکی نادروستیان وەك ئامرازی نارەزایی دەربڕین، لەلایەن زۆرێ لەھێزو خەڵکە ناڕازییەکەوە، پێکەوە کارێکیان کردووە، لەم بۆنانەدا، لەجیاتی ئەوەی مێژوو ئازاری ھاوبەش، بمانخەنە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوەیەکی نوێ لەپێناو دیاریکردنی ھاوبەشەکان و بەعەقڵانیکردنی جیاوازییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی بەخۆدا چوونەوە و بەکار ھێنانی تواناکان لەپێناو باشتر کردنی ئێستاو ئایندەدا، بەداخەوە، بەگشتی کراونەتە بۆنەیەك بۆ لەبیر بردنەوەی ڕابردووە ھاوبەشەکە نیشتیمانییەکە.


بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نەماوە کێ ئەنفالی کردو و ھەڵبجەی کۆمەڵ کوژکردووە، و پاڵنەرو ئامانجی پشتیان چی بوو، دەبێت ئێمە چۆن لەیاداوەریماندا بەزیندوەیی بیانھێڵینەوە و تەوزیفێکی نیشتیمانی ونەتەوەییان بکەین؟ بەڵکو بۆتە ئەوەی: کێ لێپرسراوە لە باش خزمەتکردنەکردنی کەس وکاری قوربانیانی جینۆسایدی گەلی ئێمەو بەدینەھێنانی چاوەروانییەکان و ئاوەداننەکردنەوەی باشتری شارو ناوچەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکان.

ئەمەش بەڵگەیە لە شێواویەکی گەورە لەھۆشیاری نیشتیمانی ئێمەدا. چونکە بوونی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئێمە و کێشەو ئازارەکانمان، رەھەندی وجودی ومێژوویی وئەخلاقی ونێو خۆیی ونێودەوڵەتی ھەیە، ئەوەش دەخوازێت لەھەر ھەوڵێکدا بۆ فشار خستە سەر دەسەڵاتداران بەمەبەستی کۆتایھێنان بە کەمتەرخەمییەکانیان، ئەو رەھەندانە و مەزنیی مەسەلەکە و گەورەیی قوربانییەکانمان لەبەر چاوبێت.
ئێمە ئەگەر پێمان وابێت تەنھا بە زیندوو کردنەوەی کڵێشەیی یادەو بۆنەکان لەسایەی ئەو ناڕەزایەتی ودۆخەی دەیبینین، بەوجۆرەی نوخبەی دەسەڵاتدار دەیکەن،دەتوانێت لێپرسراوێتیان بەرامبەر گەلی کوردستان و ناوچەکارەساتبارەکان شەھید و قوربانییەکان، لەئەستۆ بکاتەوە، بەقووڵی بەھەڵەدا چوون،چونکە باری ئەو لێپرسراوێتیە زۆر لەوە گرانترە، بۆیە گەر زۆر وریا نەبن لێپرسراوێتی نوێیان دەخاتە ئەستۆ، ھەروەك بەوجۆرەشی لێھاتووە.

بۆیە واباشترە یادەکان ئەگەر نەتوانرا بەشکۆو خۆبەخاوەنکردنی زۆرینەی زۆرەوە بکرێنەوە، ئەو ڕۆڵە دەروونی و سیاسی ونیشتیمانییە بگێرن، کەپێویستە بۆنەیەکی نیشتیمانی بیگێڕێت، بۆماوەیەك یادکردنەوەی فەرمیان وازی لێبھێنرێت. یاخود لانی کەم شێوازەکەی بگۆردرێت، بۆئەوەی چیتر لەبەھای بۆنەکان وشکۆو گەورەیی قوربانییەکان کەم نەکرێتەوە.

لایەنی بەرامبەریش دەبێت، ڕازیی نەبێت، کاڵکردنەوەی بۆنەکان بکاتە ئامرازی ئیدانەکردنی دەسەڵات. چونکە جگە لەوەی پێچەوانەی ئەرکە نیشتیمانییەکانییەتی، لەڕووی ستراتیژیژەوە دەبێتە خاڵێکی ستراتیژی لاوازییەکانی و لەبەدیھێنانی ئامانجەکانی دووری دەخاتەوە، بەحوکمی ئەوەی، ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی تەنھا لەکۆمەڵگەیەکدا شانسی گەورە بوون و سەرکەوتنی ھەیە کە تاکەکانی ھۆشیاری ھاونیشتیمانێتیان ھەبێت، کە ئەوەش گیانی ھا وبەشی نیشتیمانێتی دەخوازێت. بۆیە دەبێت زۆر خاوەندارێتی لە یاد و بۆنە و پرسە نیشتیمانییەکان بکات. شکۆی زۆرتریان پێببەخشێتەوە، لێرەشەوە بەشکۆ ڕاگرتنی یادەکا و وروژاندنی پرسەکان بکاتە کەرەسەی رەخنەگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی خۆی دژ بەو نوخبانەی تواناکانی نیشتیمانیان وەك ئەوەی پێویستە لە خزمەت چاکەی گشتی ونیشتیماندا بەکار نەھێناو مامەڵەکردن لەگەڵ بۆنە نیشتیمانییەکاندا وەک ئەوەی موڵکی پارتی ویەکێتی بن، لەھەردوو ڕوەی نیشتیمانی و ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە کارەساتە، بەشە نارازییەکەی کۆمەڵگەش دەشکاتە ھاوبەشی لێپرسراوێتیان لە مەڕ لەشێواندنی ناوەرۆکی بۆنە نیشتیمانییەکان وشکستی تائێستای پرۆسەی نیشتیمانسازی لەھەرێمدا.
گوتاری یان ئەوان و یان ئێمەش، لەڕابردوودا سەلماوە، لەسایەی دۆخ وھاوکێشەکانی ئێستای کوردستاندا، نائومێدی وپەرش وبڵاوی زیاتری ڕیزەکانی خەڵکی نارەزی لێکەوتۆتەوە.
کاتێك ھەردوو لامان واتە خەڵكی ناڕازی وئۆپۆزیسیۆن لەدۆخی ئێستا، لەگەڵ دوو ھێزە حوکمرانەکە، پێکەوە یادێ دەکەینەوە، واتای ئەوە ناگەیەنێت بە کارنامەی یەکتر رازین، یاخود ئەستۆپاکی بەوان دەبەخشین، بەڵکو بیری ھەردووکمان دێنێتەوە، کە سەرەڕای ھەموو جیاوازی وململانێکانی ئێستا لەگەڵ یەکتردا، ھەردووکمان بەحوکمی ئەوەی بەشێک لە جەستەی گەلی کوردستان پێکدەھێنین و خاوەنی مێژوو خاکێکی ھاوبەشین، دەبێت جۆری مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەك، مومارەسەکردنی دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن بوونمان نیشتیمانی بێت، ئێمە دوژمنی یەکتر نین بەڵکو ڕەخنەگر و ناڕازی ور کابەری مەدەنی یەکترین، بەو واتایەی دەبێت چەسپاوەنیشتیمانییەکانمان تێنەپەڕێنین.

بەدەر لەوە ھەرێم دەگۆڕێت بەئۆردووگا ( کە بەداخەوە لەھەندێ ڕوەوە ھەندێ سیمای ئۆردووگای وەرگرتووە)
لەئۆردووگاشدا ئەوەی ئاراستە بەبیرکردنەوە و سیاسەت دەدات، دەستکەوتە ھەنوو کەییەکانە، نەك مێژوو ئایندە، چونکە ئۆردووگا زۆر بەکورتی بەواتا نیشتیمانییەکەی بێ مێژوو بێ ئایندەیە، ئەگەر باس لەمێژوو ئایندەیەکیش لەسۆنگەی زۆر مانەوەوە بێتە گۆڕێ، مێژوو ئایندەی ئۆردوگا و ئۆردووگا نشینانە نەك نیشتیمان وھاونیشتیمانیان.

گەلەری