سەردێڕ:

پەروەردە لە پەنای حزب و چەکدا!!!

PM:04:20:01/07/2022
4176 جار خوێندراوەتەوە
ره‌زوان ياڵانپێى
+ -

منداڵ بوین، ڕۆژانە خەریکی یاری منداڵانە بوین، کایەمان دەکرد، تۆپ تۆپین و خەت خەتێن و بازدان و فڕیوە و شەق وەشاندن و هەلوکێن و ڕەسمێن و چاوشارکێن و هەڵماتێن کاری ڕۆژانەی ئێمەی منداڵ بوو، دەست شکان و قاچ شکان و سەرشکانی لێدەکەوتەوە، ئەمانە یاری و حەزی منداڵە.

 

دەچوینە کۆڵانێکی دوور لە ماڵی مامۆستا، دەبوو بە هیچ شێوەیەک مامۆستا نەمانبینێ، زۆر دەترساین، حەزمان دەکرد عالەم ببینین مامۆستا نەبینین، هەر ڕۆژێک مامۆستا لە کۆڵان چاوی پێمان کەوتایە ئیتر بەیانیەکەی مەرگانی ئێمە بوو، بە شەوا تا بەیانی لە ترسا خەومان لێ نەدەکەوت، ئاخۆ بۆ بەیانی مامۆستا چیمان پێ بڵێ، چەند دارمان لێ بدات.

 

لە زانکۆش مامۆستا ڕۆژانە ناوی دەخوێندینەوە شەرمان دەکرد بەڵێ بکەین، ڕۆشتنە ژوری مامۆستایان نەک هەر ئاسایی نەبوو، بەڵکو بڤە بوو، هەر ڕۆژێک لە قاوشی هۆڵەکان و حەوشەی زانکۆ مامۆستایەک سەلامی بکردایە لە خۆشیا هار دەبوین، دەمانوت مامۆستا سەلامی لێ کردوین، هێندە مامۆستا خاوەنی ڕێز و هەیبەت و شکۆ بوو.

 

بەڵام پارتە حوکمڕانە چەک بەدەستەکان ئەمانەیان تەواو پێچەوانە کردەوە، کاتێک چەک بە دەستێکی ئەمان شەق شەقێن بە مامۆستایەکی بەویقار دەکەن و شکۆی دەشکێنن دەبێت چاوەڕێی گولە تەقاندنیش بکەین، کاتێک مەکتەب سیاسیەکان و مەڵبەندەکان دێن زانکۆ پڕ دەکەن لە کادری حزبی و شکۆ بۆ دەزگای عیلمی ناهێڵنەوە دەبێت چاوەڕێی هەڕەشەی گرتن و کوشتنی مامۆستایان بکەین.

 

ئەندام مەکتەب سیاسیەکی یەکێک لە پارتە دەسەڵاتدارەکان خوێندکار دەبێت لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین، دەچێتە تۆماری کۆلێجی ئاداب داوای پشتگیری دەکات، تەبعەن بە تەنها ناچێت دو پاسەوان لە گەڵ خۆیدا دەبات، دەچێتە ژورەوە و لە بەردەم فەرمانبەرانی کولێج عەرز دەکات، بەڕێوەبەری تۆماریش ناوی کاک مسلیم دەبێت، دەڵێت کاک کافر ئەو پشتگیریەمان بۆ بکە، بەڕێوەبەری فەقیریش لە ترسی گیانی خۆی دەبێت نوسراوی بۆ بکات. ئەمە ڕەفتاری بەرپرسەکان بێت، چۆن کوڕەکانیان و هاوحزبەکانیان کاری لەوە ناشیاوتر ئەنجام نادەن.

 

مامۆستا کە بایکوت و خۆپیشاندان دەکات بۆ موچەکەی، بە دو چەکدار دەستگیریان دەکەیت و شەقیان تێ هەڵدەدەیت، پەروەردە لە نێو حەرەمی قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکانەوە گواستراوەتەوە بۆ نێو بارەگا حزبیەکان، هەر لە نێو ئەو بارەگایانەوە هەڕەشەی کوشتن لە مامۆستا دەکەیت گەر خوێندکارەکە دەرنەچێنیت یا خود گواستنەوەی بۆ نەکەیت.

گەلەری