سەردێڕ:

یەکێتی دەبێت چی بکات؟

PM:04:18:24/05/2022
9328 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

وەک لەبەشێک لەبەرپرسانی پارتی دەبیسترێت، یەکێتی لە رێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە دانیشتنەکانی پەرلەمانی پەکخستووەو نایەوێت هەڵبژاردنیش لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەو بیانوەی یەکێتی باری لاردەبێت، بەڵام پارتی کێشەی نیەو دەخوازێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت!!

لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ لەلایەن یەکێتی نیشتمانیەوە سەرەڕای ساختەکاریەکان، پارتی بۆ یەکەمجار دەستیگرت بەسەر کۆی دامەزراوەکاندا، سەرۆکایەتی هەرێم (هەر ئەوکات بەشێک لەفەرمانبەرانی یەکێتیان ناردە ماڵەوە)، ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێک بەبێ رەزامەندی سەرۆکی حکومەت نادرێت، پەرلەمانی کوردستان (بە٤٥ کورسی و کورسی پێکهاتەکان) هیچ بریار و دانیشتنێک بەبێ رەزامەندی پارتی بەڕێوەناچیت.

لەساڵی ١٩٩٢ەوە، هیچ کات هێندەی ئێستا یەکێتی پەراوێزخراو نەبووە، تەنانەت بەهۆی ڤیتۆی پارتی و بارزانییەوە سەرۆک کۆمارەکەشی لەبەغدا دەست و پێی گیراوە.

پارتی وای نیشاندەدات یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردندا نیەو ئەوان هەڵبژاردنیان دەوێت وەکو فشارێک بۆ سەر ئەو حیزبە، لەکاتێکدا پارتی هەموو شتی لەدەستەو یەکێتیش هیچ، پارتی بەدابەشکردنی سەرۆکایەتی کۆمارو ئەنجومەنی وەزیران لەنێوان جووت ئامۆزادا تارادەیەک خۆی لەکێشەی ناوخۆیی حزب بەدوور گرتووە، دەستیان بەسەر دامەزراوەو دەستە سەربەخۆکاندا گرتووەو هەر بڕیارێکی باشیش بدرێت دەستبەجێ فەرمانگەی میدیاو زانیاری دەنوسێت، لەسەر بڕیاری جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کەکەموکوڕیش هەبێت یاخود بودجە دوابکەوێت خەتای وەزیرەکەی یەکێتی یان گۆڕانە!

بەبڕوای من، پارتی خۆی دەزانێت لە ئێستادا وەزعی باش نیەو دەنگی کەم دەکات بەو پێیەی حکومەتەی مەسرور بارزانی لە سێ ساڵی رابردودا بە یەکێک لە خراپترین حکومەتەکانی هەرێم دادەنرێت، بەڵام دەیەوێت هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٣ کەلەرێگەی یەکێتیەوە ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژکرایەوە، ئاوا هەڵبژاردن دوابخرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاریی بەڕێوەبچێت پارتی هەمان ٥٧ کورسی دەهێنێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە نایهێنێت چونکە بەپێی ئامارەکان لەناو سەنتەری شاری هەولێردا پارتی ١١٪ی دەنگەکانی هێناوە.

یەکێتی دەبێت سووربێت لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ ئەوەی دیسانەوە حزبێکی سیاسی بەتەنها زۆرینەیەکی ساختە بەدەست نەهێنێت.

دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە(ئەگەر بەراست دەیەوێت گۆڕانکاری رووبدات و هاوبەشی ژێر بەژێری پارتی نیە)، لەدیداری پێنج شەممەدا لەبارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەوە بکەنەوە هەڵبژاردن لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بکرێت و کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات، یان هیچ نەبێت بەپێی تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆن و بەپێی میکانیزمەکانی ئەوان بێت.

گەلەری