سەردێڕ:

شکستی پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و لەباربردنی خەونی نەتەوە و کەمینەکان .. کورد بە نموونە

PM:06:14:14/05/2022
3016 جار خوێندراوەتەوە
بڵند دلێر شاوەیس
+ -

دەستەواژەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن (کۆندا لیزا ڕایس) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانێکیدا بۆ ئسرائیل بەکارھێنرا، لەھەمان ساڵدا شارەزای ستراتیجی سەربازی ئەمریکی (ڕالف پیترز) کە پۆستی جێگری دەستەی ئەرکانی سوپای ئەمریکای بۆ کاروباری ھەواڵگری پێ سپێردرابوو وتارێکی لە ژێر ناونیشانی (سنوری خوێناوی ...چۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گونجاوتر ببینین) بڵاوکردەوە لە ژمارە شەشی گۆڤاری سەربازی ئەمریکی (Armed Forces Journal) ، وتارەکە بریتی بوو لە نەخشەی دابەشکردنی سەرلەنوێی ناوچەکە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزھەبی.

وەک کاردانەوەیەک سەرۆکی ئەرکانی پێشووتری تورکیا (یەشار بیوکانت) ناڕەزایەتی فەرمی وڵاتەکەی گەیاندە ئەمریکیەکان بەرامبەر ئەم پرۆژەیە و ھەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند ئەم پرۆژەیە بۆچونی فەرمی ئەمریکا نییە بەڵام لە ھەمانکاتدا لە کۆلێژی ئەفسەرانی باڵای ناتۆ لە رۆما وەک وانەیەک دەخوێنرا لە (سیستەمی پلاندانانی ستراتیجی) .

ڕالف پیترز ڕایگەیاند "لە پێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری ناکرێت ڕێگری بکرێت لە ھەڵَگیرسانی جەنگ و لافاوی خوێن."

ئەوە بوو دواتر ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی لە وڵاتانی ناوچەکەدا سەری ھەڵدا، بەڵام بە دەست تێوەردانی دەزگا ھەواڵگریە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان و بە تێکەڵکردنی کارتەکان و قۆستنەوەی دۆخەکە لەلایەن ڕەوتە توندڕەو و ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان لەو وڵاتانەدا و دواتر دامەزراندنی داعش (دولە الخلافە الاسلامیە فی العراق والشام) و مەترسیەکانی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی (السلم والامن الدولی) کە ئامانجی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەھاری عەرەبی و خەونی گەلانی ناوچەکە بۆ گۆڕانکاری لەباربرا.

لە ئێستادا ھەموو ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن پرۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە دکتاتۆریەکانی ناوچەکە و پێکھێنانی قەوارە و کانتۆنی بچووک بۆ نەتەوە و پێکھاتەکان شکستی ھێناوە و ھۆکاری شکستھێنانی ئەم پرۆژەیەش دەتوانین بگێڕینەوە بۆ چوار خاڵی سەرەکی :

١- سیاسەتی پێچەوانەی روسیا و چین بۆ شکست پێھێنانی پرۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و دروست کردنی بەرەیەکی دژ بە ڕۆژ ئاوا ، بەتایبەتی لە پرسی سوریا و ئێران.

٢- دەست وەردانی دەزگا ھەواڵگریەکانی ناوچەکە بۆ لەباربردنی ئامانجی گۆڕانکاریەکان لە ڕێگای بەلاڕێدابردنی ئاراستەی داخوازی گەلانی ناوچەکە لە بەدیھێنانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی ...ھتد ، بۆ ڕێگەخۆشکردن بە تەشەنەسەندنی تیرۆر و بەھێزکردنی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان و پیشاندانیان وەک ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی سیستەمە دکتاتۆریەکانی ناوچەکە لەکاتی ھەرەسھێنانیان.

٣- ئامادەبوونی بەھێز و کارای ڕەوتە توندڕەو و تیرۆرستەکان لە ڕوداوەکاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و دامەزراو و فراوانبونی پێگەی جەماوەریان بە سود وەرگرتن لە پاشخانی ئاینی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە و لە ئەنجامی کۆمەڵێک ھۆکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، ھەر لە ستەمی سیاسی و نادادی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ھەژاری و بێکاری و ...ھتد، کە وایان کردوە کۆمەڵگاکانی ناوچەکە داینگەیەکی لەبار بێت بۆ گەشەسەندنی بیری توندڕەوی و تیرۆر.

٤- لاوازی ڕەوت و لایەنەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگاکان لە چەپ و لیبڕاڵ و دیموکراتەکان لە ئاست گۆرانکاریەکانی ناوچەکە، و ئامادەنەبوونی پێکھاتە و نەتەوە و کەمینەکانی ناوچەکە بۆ خۆبەڕێوەبردن.

ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە :

أ- لەلایەکەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە دوای لەناوبردنی دەسەڵاتی داعش و ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبر بە ئاشکرا سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانان بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بە ئاراستەی بەھێزکردن و گێڕانەوەی ڕۆڵ بۆ حکومەتی فیدراڵی و بوونی بەغدا بە سەنتەری بڕیاری سیاسی لە عێراقدا ھەنگاویان ناوە .

بۆ نموونە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەماوەی نێوان دەرچونی بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١٠٦) لە (٨/٦/٢٠١٧) و ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە لە (٢٥/٩/٢٠١٧) دوو بڕیاری بۆ پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عیراق دەرکردوە، "بڕیاری ژمارە (٢٣٦٧/٢٠١٧) لە ١٤/٧/٢٠١٧ و بڕیاری ژمارە ( ٢٣٧٩/٢٠١٧) لە ٢١/٩/٢٠١٧ " .

لە ١٩/٦/٢٠١٧ ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا جەختی لەسەر ئارامی عیراق و زامنکردنی سەروەری و یەک پارچەیی خاکی عێراق کردەوە .

ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە سەروەری خاکی عێراق دەکات، جگە لە ھەڵوێستی نەگۆڕاوی وڵاتانی ھەرێمی لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵی و پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق .

ب- لەلایەکی ترەوە گیرۆدەی قوڵبونەوەی گرفتە ناوخۆییەکانە ھەر لە گەندەڵی و شکست لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی، نادادی کۆمەڵایەتی و لیکترازانی سیاسی و نەمانی یەکڕیزی نیشتمانی و پاشەکشەی دیموکراسی و لاوازبوونی متمانەی ھاوڵاتی بە دەسەڵات ...ھتد.

ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ھەرێم نین، گۆڕانکاریەکان خێران، ھاوکێشەکان ئاڵۆزن، ھەنگاوەکانی ھەرێم ھێواش و خاون و لە ئاستی گۆڕانکاریەکاندا نییە، قەوارەی سیاسی ھەرێم لە ناوەوە کرمۆڵ بووە و لە دەرەوەش نەیارەکانی کار بۆ ڕوخاندنی دەکەن، دەسەڵاتە گشتیەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەوپەڕی لاوازیدان و گەندەڵی دایڕزاندون.

ھەروەھا ڕووداوەکانی ساڵی (2018) و داگیرکردنی ناوچەى (عفرین) لەلایەن تورکیاوە و چالاکیە سەربازیەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق و ھەماھەنگی سەربازی نێوان عێراق و تورکیا لە ڕێگای ڕێکەوتننامە دوو قۆڵیە ئەمنیەکانەوە و جووڵە دبلۆماسیەکانی دەوڵەتی سوریا و کرانەوەی ڕێژەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڕووی حکومەتی سوریا.

لەلایەکی ترەوە سەردانیکردنی (ئەنریکی مۆرا) ڕێکخەری یەکێتی ئەوروپا بۆتاران لەسەر پرسی بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە فێننا و گەیشتن بە ڕێکەوتن و لابردنی سزاکانی سەر ئێران، ھەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن قۆناغی داھاتوو قۆناغێکی سەخت و پڕ گرفت دەبێت بۆ کورد بە گشتی و بۆ ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی .

گەلەری