سەردێڕ:

بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی

PM:09:56:23/01/2022
7140 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

ئەگەر بافڵ تاڵەبانی بە جدی حەزی کردبا بەرهەم ساڵح ببێتەوە سەرۆک کۆمار، ئەوە کارەکەی بەو رۆژە نەدەگەیاند، دەیتوانی بە رێگایەکی کورتتر و بەر لەوەی بابەتەکە دەنگی لێوە بێت، پرسەکە لە بەرژەوەندی بەرهەم ساڵح یەکلایی بکاتەوە، بە گەڕانەوە بۆ حیکمەتی مام جەلالی باوکی کە درێژکردنی دەستی دۆستایەتی و برایەتی بووە بۆ سەرۆک بارزانی، هەروەها سوودمەندبوون لە سۆز و رێزی مامایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، کە ئەگەر بافڵ تالەبانی بە پیر داواکەی پارتیەوە چووبا لە وێکڕا ئامادەکردنی کارنامەیەکی کوردستانیانە کە سەرۆک کۆماری بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێگیر کرابا، نە سەرۆک بارزانی و نە پارتیش لاریان نەدەبوو لە دانانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ گەڕێکی دیکەی سەرۆکایەتی کۆمار.

بافڵ تاڵەبانی بە زاناییەوە بێت یان نەزانی، بەرهەم ساڵحی بە رۆژێک گەیاند کە دەرچوونی لە کێبڕکێکە وەک دۆڕاو مسۆگەرە، چونکە وێنە و شێوەی قۆناغی داهاتووی سیاسی عێڕاق روونە و هەڤالبەندیەکان یەکلایی بوونەتەوە و بڕیارەکەی بافڵ تالەبانی بە هێشتنەوەی بەرهەم سالح وەک یەکانە کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری گرەوە لەسەر ئەسپێکی لاق شکای. کێ دەزانێ رەنگە بافڵ بە ئەوپەڕی زیرەکی و زرنگی ئەو بڕیارەی دابێ و لەوانەشە داوای ئەو لە پارتی ئەوە بووبێ کە بەربژێریان نەکشێنەوە و ئەویش هیچ کاندیدێکی دیکەی نابێ جگە لە بەرهەم ساڵح!

بافڵ رەنگە بەرهەمێکی بوێ بە تێکشکاوی و پەڕ و باڵ کراوی بگەڕێتەوە سلێمانی، تۆڵەی ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانێتیەکەی لێ بکاتەوە و خێری ئەوەی پێوە نەهێلێت بچێتە پاڵ لاهور جەنگی یان بیر لەوە بکاتەوە بۆ پۆستی سکرتێری گشتی ببێتە رکابەری بافڵ تاڵەبانی، بەڵام بۆ هەموو ئەوانە ئۆباڵەکە بە ملی پارتی بێت نەک بەرهەم پەنجەی بێ وەفایی و قۆلبادان بۆ کوڕی ئەو پیاوە درێژ بکات، کە لە ژێر سێبەری ئەوەوە بەرهەم سالح بووە ئەو ناوەی ئێستا هەیە( بە چاک و بە خراپ).

لەگەڵ ئاڵۆزکردنی پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، لە نێوان یەکێتی و پارتی، بۆچوونەکان بۆ ئەو نیەتە شاراوەی بافڵ تاڵەبانی دەچوون، رۆژ بە رۆژیش روونتر دەبوو کە بافڵ و یەکێتی جدی نین لە یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە لە بەرژەوەندی بەرهەم سالح، بۆیە سەیرە و پرسیار ئەوەیە کە بەرهەم ساڵح هەڵوێستێکی نەبووە و لایەنی کەم خۆی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات و خۆی بکڕێتەوە نەک بچێتەوە ناو یاریەک کە لە سەرەتاوە ئەنجامەکەی دیارە ئەو تێیدا دۆڕاوە.

گەلەری