سەردێڕ:

چەمکی ھاوڵاتیبوون بە مانا نوێیەکەی

PM:12:41:06/12/2021
6736 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

چەمکی ھاوڵاتیبوون بە مانا نوێیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆشنگەری ،چونکە بەر لەو سەردەمە مرۆڤەکان بریتی بون لە نەوەکانی خێڵ و مەزھەب و عەشیرەتەکان، بەڵام سەردەمی رۆشنگەری ھات و مرۆڤەکانی کرد بە خاوەن مافی ھاوڵاتیبوون لە بەردەم یاساو کۆمەڵگاداو خودی ئەمەش بوو بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی رۆشنگەری و مۆدێرنە، چونکە ھەرلەو سەردەمەدا بوو مرۆڤەکان راھێنران داوای ئازادی سیاسی خۆیان بکەن و روبەروی دەسەڵاتێکی ستەمکاری رەھا ببنەوەو دژی دەسەڵاتی ئۆسۆلییەت ببنەوەو بەدوای ئازادی بیرکردنەوەو رادەربڕینی عەقڵانی خۆیانەوە بن، لەھەمووی گرنگتر جەخت کردنەوە بوو لەسەربەھای یونیڤێرساڵی لەوسەردەمەدا کە مەبەست لێیان تێڕوانینی گەردونی بوو بۆئەوەی ئومێدی بەدەستھێنانی بەختەوەری و ئازادی لەسەر زەوی و پەیوەندییەکی باشتریش لە نێوان مرۆڤەکان و گەردوندا بەدیبھێنرێت.
رەنگە ھەریەکێک لە ئێمە ھەموو ئەمانە بزانین و بیڵێین، بەڵام پێویستە لەخۆمان بپرسین سەردەمی رۆشنگەری کە بەھایەکی یونیڤێرساڵی ھەبوو، دوای چەندین سەدە ئێمەی ھاوڵاتی لەم پارچە جوگرافیایەدا چییان لێوە فێر بووین کە بتوانین لەگەورەترین جەنگی رۆشنگەریدا  بگەین بە ھاوڵاتیبوونێک بە مانا نوێیەکەی و بیسەلمێنین کە جەنگی فیکریش ھیچی لە جەنگی سیاسی وسەربازی کەمتر نییەو ئەوە بخەینەروو کە ئێمەش میللەتێکین خوازیاری ئازادی و ژیانێکی شایستەین.
برسی و سەرکوتکراوین، ساڵانێکە کەرامەتی مرۆڤ لێرە ژێرپێ خراوە، بەڵام ھێشتا کارەکتەری دەستەجەمعی ئێمە نەیتوانیوە دژیان بوەستێت خۆی لێ لائەدات، وەک بڵێی لەئاکامەکانی ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە ئەترسێت کە سیاسییەکان زیاتر لەمردنی خۆیان لێی ئەترسن و تۆقیون! ئەوەی گرنگە گرتنە ئەستۆی ئەو بەرپرسیارێتییەیە کەکارەکتەرەکانی دەستەجەمعی راتەکێنیت و قەناعەتی رەھایان لا دروست بکات کە پێویستە حەقیقەتی خزمەت کردن بە خۆیان و ھاوڵاتیبوونیان لە ھەمو شتێک گرنگتر بێت، لەم سەروبەندەشدا وتەیەکی فەیلەسوفی ئەڵمانی ڤۆڵتێر ھەیە کە ئەڵێت ” سەختترین جۆرەکانی خزمەتکردن  خزمەتکردنی حەقیقەتە" بۆ ئەوەی روبەرووی خۆمان و حەقیقەتەکانی ناخی خۆمان ببینەوە کە خەونی ھاوڵاتیبوونە بەمانا نوێ و سەردەمییەکەی .
ئێمەی ھاوڵاتی لەم ھەرێمەدا لەسەردەمێکی پوچگەرایی و عەدەمییەتدا ئەژین، چونکە بە بێ ئەوەی ئەمێستاش فیکرو رۆحی خۆمان بەو روح و عەقڵییەتە رەخنەییەی سەردەمی رۆشنگەری پڕچەک بکەین،  ھێشتان وەک فریاد رەسێک لەچاوەڕوانی یەزدانداین! قەیرانی راستەقینەی رۆشنگەریش لێرەدایە، ئاخر گەلێک خۆی ھەوڵی گۆڕانکاری نەدات و ھێشتان ملکەچی و کۆیلایەتی وەک توانایەکی باڵاڕۆیی خۆی سەیر بکات و دروستی بکات، ئیتر چ ئومێدێک لەحاڵەتی نەمانی مانای رەھای راستەقینەی  گۆڕانکاری و رۆشنگەریدا دەستەبەر ئەکات؟
زو بێت یان درەنگ پێویستە ھاوڵاتیبوون بگەڕێتەوەبۆ نێو کۆمەڵگای ئێمەش، ھاوڵاتیبوونێک کە تەنھا ماف و دەسەڵات و سیاسیبوون لای کەمینەیەک نەبێت بۆ ھەتاھەتایی، ئەم بیرکردنەوەو ھەڵوێستەش جیاوازە لەبیرکردنەوەی ئەوانەی ئەوێ رۆژێ تا ئێستاش ھۆکاری بەشێکی زۆری نەھامەتییەکانی ئەم گەلە بوون کەلەسەر دەستی سیاسییەکانی بەسەریدا ھاتووە، چونکە ئەم گروپانە  نەیانتوانیوە پێ بنێنە قۆناغێکی باڵاترەوە کە ھاوڵاتیبوونیانیانە وەک مرۆڤێک و نەیانتوانیوە بە قۆناغی عەقڵ و دانایی و بەرواردکاری  بگەن و راست لەھەڵەو پۆزەتیڤ لە نێگەتیڤ جیا بکەنەوە و ھەمیشە خۆیان بە بچوکی ئەو سیاسییە دەسەڵاتدارانە زانیوە کە بوون بەدەرباریان، کەئەمەش پێچەوانەی راستینەیی ئەرکی سیاسییەکان و بەرپرسیارێتییە حکومڕانەکانە .
واقعی حاڵی ھاوڵاتییانی ئەم ھەرێمە بەدەست سیاسییەکانەوە ھەمیشە بەومەبەستە بووە کەچۆن کۆنتڕۆڵی عەقڵی زۆرینەی خەلک بکەن و بەو ئاراستەیەیاندا بەرن کە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، بێگومان ئەمانەش بەھاوکاری رەعییەتەکانی خۆیان بووە، ئێمە لەسەردەمی کارەسات و ماڵوێرانیداین کە ھێشتان بڕوامان وابێت کە ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و ئیداری لەسەردەستی سیاسییەکانی نزیکەی سی ساڵی حکومڕانی ھاوڵاتیبوونێک بێنێتە ئاراوە کەھەموان لەبەردەم یاساو مافدا یەکسانبن دوای ئەوەی ساڵانێکە باجێکی گەورەو گران ئەدەین.

گەلەری