سەردێڕ:

کوشتن و توندوتیژی.. وەك ھەڕەشەیەك لەسەر ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستانی

PM:10:40:30/11/2021
7772 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى محەمەد
+ -

ڕۆژ بە ڕۆژ ھەست دەکرێت کوشتن و توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا زیاد دەکات. تەنھا لە ماوەی ٢٤ کاژیردا لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری ھەولێر ٦ کەس کوژراون، ئەمەش تایبەت نیە بە شارێك یان ناوچەیەك، بەڵکو ھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردوستانی گرتۆتەوەو لەعیراقیشدا بارودۆخەکە زۆر خراپە، بەپێ ی وتەی جەمال ئەسەدی،( بەریوبەری گشتی راھینان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق)دەڵێت:عێراق لەنێو وڵاتە عەرەبیەکاندا، لە پلەی یەکەمدایە بۆ حاڵەتەکانی کوشتن و ڕیژەی ساڵانەشی دەگاتە زیاتر لە ١١.٥٪‏ بۆ ھەر ١٠٠،٠٠٠ کەسێك.

کۆمەڵگەی کوردیش کە بەشێکە لە کۆمەڵگەی عیراقی لە زۆربەی دیاردە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوشێوەی یەکن .لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە گوێبیستی کوشتنی جۆراو جۆر دەبین، کە ھەندێکی بەھۆی توندوتیژی خیزانیەوەیە یان لەسەر زەوی و زارە، یان لەسەر دۆسیەی شەرەف یان ھەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سادەو، زۆر جاریش لە ھەندێك ناوچە سەر دەکێشیت بۆ شەڕی خێڵەکان و شارۆچکەیەك یان گەڕەکیك لە شارە گەورەکان، دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و کوژراوو برینداری لێ دەکەویتەوە، یان کوڕو کچی بەرپرسەکان بەبێ گوێدان بە یاساو ڕێنمایەکان ھەڵدەکوتنە سەر پۆلیس و ئاسایش وپۆلیسی ھاتووچۆو زۆر جاریش کوژراو برینداری لێ دەکەوێتەوە ،ئەنجامەکەش سزادانی قوربایەکەیە نەک دەستدرێژیکەر،ئەم دیاردەیەش لە گۆمەڵگەی کوردیدا بوەتە جیگەی مەترسی و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە زیاد بوندایە، چونکە بەھۆی ئەوەی یاسا سەروەر نیەو دادگاکان بە حیزبی کراون ،بە هۆی ئەمەوە، خەڵك بڕوای بە دامەزراوەکانی حکومەت لەدەست داوە وکێشەکانیان ناگەرێننەوە بۆ دادگاو دامەزراوەکانی حکومەت و خۆیان ھەڵدەستن بە تۆڵەکردنەوەو وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیان.

کوشتن و توندوتیژی لەروی سایکۆلۆژییەوە ڕەوشتێکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی نا سروشتی و ناپەسەندە.سەرئەنجامیش ئەگەر پەرەبسێنێت، دەبیتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان و باردۆخێکی نا ھەموار دروست دەکات، کە دەبیتە ھۆی نائارامی و دڵەراوکێ و ھەموو کەس لەخۆیی و سەروەت و سامانی دەترسێت.

بەپێ ی بۆچوونی زۆر لە پسپۆران لە بواری کۆمەڵناسی،گەشەسەندنی دیاردەی کوشتن و توندوتیژی بە پلەی یەکەم بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی سیاسەت و بواری حوکمرانی، چونکە ئەگەر لە وڵاتیکدا سیستمیکی سیاسی و حوکمرانیەکی سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا یاسا سەروەر نابیت، کە یاساش سەروەر نەبوو، پێوەری تر جیگەی ئەگریتەوە، وەک ئەوەی ئیستا لە کوردوستاندا دەبینریت ،کە گەندەڵی سەرتاپای جومگەکانی حوکمرانی توشی شەلەل کردوەو ھیوایەک نەماوەتەوە بۆ چاکسازی و ئەم بارودۆخەش کاریگەری زۆر لەسەر سایکۆلۆژیای تاکی کوردی دروست کردوەو زۆربەی لە بارودۆخیکی دەرونی ناھەمواردا دەژین. کەئەمەش دواجار رەوشتی شەرانگیزی بەرھەم دەھێنیت.

گەندەڵی لە کوردوستاندا مەترسیەکەی ھەر ئەوە نیە کەسەروەت و سامانی گشتی لەلایەن گروپێکەوە بە تاڵان دەبریت، بەڵکو ئەو زۆرینەیەی کە ئەم حاڵەتە دەبینێت بۆی دەبیتە گرێ ی دەرونی و ئەوەش لەمامەڵەی رۆژانەیدا رەنگ دەداتەوە . لە ئیستادا ئەگەر توێژینەوەیەکی ورد لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکەین ھەر لە مناڵێکەوە بگرە ھەتا گەنج و پیرو بەسڵاچوان بەژنی و پیاوەوە، دەبینین زۆربەیان مرۆڤی ھەڵچوو توڕەو نالیبوردەن.

ئەمەش لە مامۆستاو پزیشك و تەنانەت پاریزەرەکانیشدا دەبینرێت، سەرئەنجام ئەمە سەر دەکێشیت بۆ دروست کردنی ناھاوسەنگیەک لە روی عەقڵیەت و بیرکردنەوەو دواجار پەنا دەباتە بەر خواردنەوەو بەکارھینانی مادە ھۆشبەرەکان و ئەمەش سەر دەکیشیت بۆ ئەنجامدانی تاوان.

نەبوونی پڕۆژەیەک بۆ چاکسازی و شکستی پڕۆژە چاکسازیەکان لەھەرێمی کوردوستاندا بارودۆخیکی ناھەمواری دروست کردووە، بەتایبەتیش بۆ گەنجان.لەبەر ئەوەش کەزۆربەی گەنجان بێ کارنو کەسێک خۆی بە بەرپرسیار نازانیت لەبەرامبەر چەسپاندنی مافەکانیاندا. بەمەش بارودۆخیکی ناھەمواری دەرونی بۆ گەنجان دروست بووە، لەم کاتەشدا یان بەھۆی ئەم بارە ناھەموارەوە توشی گرێ ی دەرونی دەبیتەوەو بیر لە تاوان دەکاتەوە، یان ئەگەر بەوجۆرەش نەبێت بەرەو دڵەراوکێ و کەئابە دەچیت.

یان ئەگەر بیەوێت لەم دۆخەش رزگاری بێت ،ئەوا سەری خۆی ھەڵدەگریت و روو لە ریگەی نەھات و مەترسیەکانی کۆچ دەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە ھەموو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک لە جۆرەکان دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم دۆخە نالەبارەو ئەو بارە دەرونیەش کە بۆی دروست بوە، دەبیتە مایەی سەرھەڵدانی چەندان نەخۆشی دریژ خایەن و کورت خایەن..

لەبەرئەوە ئەگەر توێژینەوەی ورد لەسەر باری دروستی تاکی کورد بکرێت دەبینین زۆرینەیان نەخۆشن، بەمەش لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردووی حوکمەتی ھەریمدا کۆمەڵگایەکی کوردی نەخۆشیان بەرھەم ھیناوە و لە ئایندەشدا،هەواڵی مەترسیدار دەبیستین.

لەبەر ئەوە ئەگەر حوکمرانانی ھەرێم دەیانەویت بەر بەم دیاردەی کوشتن و توندوتیژیە بگرن ،دەبێت بە پەیمانیکی سیاسی نوێ لە نێوان خۆیان و ھاوڵاتیاندا مۆر بکەن و بە پڕۆژەیەکی نوێوە حوکمرانی بکەن و حکومەت بکەنە دامەزراوەیەك بۆ چەسپاندنی عەدالەت و دابین کردنی ژیانیکی خۆشگوزەران و شەرەف مەندانە بۆ ھاوڵاتیان و بەتەنگ گەورەترین سەرمایەی وڵاتەوە بن کەتوانای گەنجەکانە و ھەموو داھاتەکانی هەرێم بخەنە خزمەت ئەم توێژەوپلانێکی ستراتیجی دابڕێژێن ، لە پێناو بنیاتنانی کوردستانیکی خۆشگوزەران و گەشەسەندوودا.

گەلەری