سەردێڕ:

با ئیتر بەکوشتدانی پێشمەرگە بەکۆتابێت، کاتی لێپرسینەوەیە!

AM:11:04:30/11/2021
4008 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

کزەی جەرگم دێت بۆ ئەو پێنج منداڵەی بەهۆی کەمتەرخەمی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندە سەربازیەکانی ئەو میحوەرانەوە هەتیوو بێ باوک کەوتن.

هێرشە دووبارەکانی داعش لەناوچەکانی گەرمیان خەریکە حاڵەتەوە دەبێت بەدیاردەو بەرپرسەکانیش مێشێک میوانیان نیە، ئەگەر وانیە لەدوای شەهیدبوونی رائید سمکۆوە چی شتێکیان لەو سنورانە گۆڕیوە؟

بە هەمان شێواز داعش لەرێگەی قەناس بەدەستەکانیەوە دێت و پێشمەرگە دەکاتە ئامانج و دواتر دەڕواتەوە، بەرپرسە سەربازیەکانیش وەک کەڕەی شەربەت واقمان وڕماوەو نازانین چی روودەدات.

مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە دوابەدوای هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئیهمالی خۆمان بووە ئەم رووداوە روویداوە."

رەحیم گەرمیانی جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگەش رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زانیارییان لەبەردەستدا بووە کە ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی پێشوی گروپی چەکداری داعش لەو ناوچانە بووە کە هێرشیان بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجامداو پێنج پێشمەرگەی تێدا شەهیدبوو.

جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگه ئاماژەی بەوەشکردووە، ''له‌ كاتی هاتنی ئه‌و ئامۆزایەی ئەبوبەکر به‌غدادیدا بۆ سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان و عێراق، پیشبینی كرابوو كه‌ داعش هێرش ده‌کات."

ئەگەر پێشبینکرابوو بۆ دۆخی لەناکاوتان رانەگەیاند و ئامادەکاریتان نەکرد، یان ئێوە پڕاوپڕ بوونە لەگەندەڵی و وەک ئەندامێکی پەرلەمان دەڵێت:"پێشمەرگەیەک پێی وتین، ٢٥٠ هەزار بدە بە فەرماندەکە دەتوانیت دەوام نەکەیت و لە ماڵەوە بیت."

ئەمە بەفیڕۆدان و بەکەم زانینی منداڵی ئەم میللەتەیە، دەبێت هەموو ئەو بەرپرسانە دادگایی سەربازی بکرێن.

دەبێت پەرلەمان بەزوترین کات ئەو بەرپرسانە بەوەزیرەکەیانەوە بانگهێشت بکات و لێیان بپرسێتەوە:

-ئەگەر دەتانزانی هێرش دەکرێت بۆ ئامادەسازیتان نەکرد؟ فکرتان بۆی نەچوو یان منداڵی فەقیرتان بەلاوە گرنگ نەبوو؟

-چۆن ئەو چەکدارانە دزەیان کردووەتە جێگایەک کە بەدووری سەد مەتر کەوتووەتە نێوان دوو بارەگای پێشمەرگە و بۆمبیان تێدا داناوە!

-کامێرای حەراری و ئۆتۆمبیلی گوللەنەبڕتان بۆچیە ئەگەر بۆ سەنگەرەکانی پێشەوە نەبێت؟ کێ بەرپرسە لەدانەنان و سەرفنەکردن و ئامادەنەکردنیان؟قسەکردن بەسەو چوار بەرپرسی سەربازی باڵا بکەن بەنمونە با ئەوانی دیکەش باش ببن، هەرچی پلەداری شکستخواردووە بیگۆڕن، باچیتر ئاهوونزای منداڵانی بێ باوک و دایک جگەر سوتاو نەگاتە کەشکەلانی فەلەک.


 

گەلەری

‌بەپەلە