سەردێڕ:

خوێندکاران و خۆپیشاندان

PM:12:24:24/11/2021
3196 جار خوێندراوەتەوە
ئامانج ناسیح
+ -

ناپلیۆن دەڵێت: من لەو شۆڕشانەی کە بەھۆی برسێتی و بێ نانی ڕوودەدەن زیاتر دەترسم، نەک بەرامبەر لەشکرێکی دووسەد ھەزار کەسی شەڕ بکەم.
زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر ناپلیۆن ئەو قسەیەی کردوە، کە بۆ زۆرێکمان ئەوە ڕوونە ئەو سەرکردەیە بۆ سەردەمی خۆی بەدەسەڵاتترین کەس بووە و توانیتی وەرچەرخانی گرنگ لە ژیانی فەڕەنسیەکان بەتایبەتی و جیھان بەگشتی بێنێتە ئاراوە، دەتوانین بڵێین پێشکەوتنی ئێستای ئەم گێتییەی ئێمە لەسەری دەژین شۆڕشی فەڕەنسی یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی.
لێرەوە دێینەوە سەر خۆپیشاندانی دوو ڕۆژی ڕابردووی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان کە تیایدا زۆر بەڕاشکاوی داوا و پەیامی خۆیان گەیاند بەلایەنی بەپرس و دەسەڵاتدارانی ھەرێم، ئەوەی ئێستا خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیان داوەتێ مشتێکە لە خەروارێک چونکە بیرمان نەچێت لە ھەڵبژاردنی پێش وەختەی مانگی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاستی کەمی بەشداری خەڵک و بوونی ڕێژەیەکی زۆری دەنگی پوچەڵ ئەوەی بەگوێی دەسەڵاتدارانی ھەرێم دایەوە کە ئێستا زۆرینەی خەڵک لەگەڵیان نەماوە و ئامادە نین وەکو نوێنەری خۆیان ناوزەندیان بکەن.
ئەتوانین بڵێین ئەو خۆپیشاندانەی ئێستای خوێندکاران کە ئەنجامیدەدەن لە ناوەڕۆکدا بریتییە لە شۆڕشێکی گەورە چونکە زۆرینەی خەڵکی ئاسایی و مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشکان و ئەندازیاران و پارێزەران و دادوەران و کاسبکاران و بەشێک لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بەدڵ و ویژدان لەگەڵیانن لەبەرئەوەی لە دەرەنجامدا داوای خوێندکاران داوای زۆربەی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەن کە برسی و بێ خزمەتگوزاری کراون لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمە سەرەڕای گرانی نرخی شتومەک و زیادکردنی باج و ڕسومات لەسەر خەڵکی. بۆیە داواکردنی دەرماڵە لەلایەن خوێندکارانەوە ڕەنگە لە ڕیزبەندی داواکارییەکانیاندا دوا داواکاری بێت چونکە داواکاری زۆر لەوە زیاتریان ھەیە، وەکو دابینکردنی بەشە ناوخۆیی شایستە و سوتەمەنی و ئاو و کارەبا.
کێشەکە ئەوەیە تۆ ئەگەر سەیری گۆڕەپانەکە بکەیت دەسەڵات دێت و ئەڵێت داوای خوێندکاران ڕەوایە و مافی خۆیانە، لەکاتێکدا خودی خوێندکاران و ئێمەش باش ئەزانین کە ھەر ئەو دەسەڵاتەی فرمێسکی تیمساحی ئەڕێژێت خۆیان ھۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی نەھامەتییەکانی ئەم میللەتەی ئێمەن.
لەلایەکیترەوە ھەڵسوکەوتی ھێزە ئەمنییەکان کە بەشێوەیەکی توندوتیژی ڕوبەڕوی خوێندکاران دەبنەوە جێگەی نیگەرانی قوڵە، ئەمە پێمان دەڵێ  کە داواکردنی ھەر مافێک لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەپێدراو نییە.
بڕیاردانی بەشێک لە زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بۆ ڕاگرتنی دەوامی خوێندکاران و داخستنی بەشە ناوخۆییەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات ترسی جدی بۆدروست بووە لەو خۆپیشاندانەی کە خوێندکاران ئەنجامیاندا لەبەرئەوەی ترسیان ھەیە کە چالاکیەکە تەشەنە بکات و زرۆبەی چین وتوێژەکان بگرێتەوە.
یەکێک لەلایەنە گرنگەکان کە دەتوانن کاری گرنگ بۆ خوێندکاران بکەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانن کە دەتوانن لەڕێگەی پرۆژە یاسایەک یاخود بڕیارێکی پەرلەمانییەوە حکومەت پابەند بکەن بەدابینکردنی گشت پێداویستییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەناویاندا پێدانی دەرماڵەیەکی شایستە بەگشت خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان تاوەکو لایەنی کەمی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان پێدابین بکەن.
بەھۆی دەسەڵاتی کوردی خوێندکارانیش وەکو زۆرێک لە چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە لە ژیانی ناھەمواردان بۆیە ھاتنە سەرشەقام و خۆپیشاندان مافی ڕەوای خۆیانە و پێویستە لەسەر پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدەنگی بەرز و زوڵاڵ پشتگیری خۆپیشاندانەکان بکەن و بەکردەوە بچنە ناو خوێندکاران تاوەکو دەسەڵات بەچۆکدا بێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنی خۆپیشاندانی خوێندکاران ڕێگە خۆش دەبێت بۆ گشت چین وتوێژەکانیتر کە بە مانگرتن و خۆپیشاندانی مەدەنی مافەکانیان بەدەستبھێنن.
ماوەتەوە بڵێین پشتگیری مافە ڕەواکانی خوێندکاران دەکەین و دژی ھەر جۆرە توندوتیژییەکین کە بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، خوێندکاران شایەنی ژیانێکی شایستەن چونکە ھەر ئەوانن کە لە داھاتوو دەبن بە فریادڕەسی ئەم کۆمەڵگەیە و لەم نەھامەتییە ڕزگاری ئەکەن.

گەلەری