سەردێڕ:

سەعات سفر… کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق

AM:11:24:24/07/2021
16424 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

 بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە ھەر کوێیەکی دونیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆیانە، ھێزی ئەمەریکیش تەنیا لە ژمارەیەک سەرباز و فڕۆکەو ھەلیکۆپتەری جەنگی و لۆجستی پێک نەھاتوە. کۆمپانیا بازرگانیەکان و بە تایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت بەشێکی گرنگن لەو ھێزە. بۆیە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کۆتایی بە چالاکیەکانی ئەو کۆمپانیایانەش دێت و دەکشێنەوە.

بەداخەوە لە ڕابوردودا زۆر جار ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و زلھێزانی دیکە پەیڕەویان لە سیاسەتی (نیشتیمانی خۆم ئەمن و ئەمان بێت و بازاڕ باش لە گەڕدابێت، ئیتر برسێتی و شەڕو شۆڕ و پێشێلکردنی مافی میللەتان کێشەی من نیە) کردوە. ئەم جۆرە سیاسەتە زۆر جار لایەنە لاوازەکانی خۆی نیشان داوە و ھەندێک جاریش وەک بۆمبێکی چێنراو، بەدەم و چاوی خۆیاندا تەقیوەتەوە. ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی فەلەستین لە دەیەکانی حەفتا و ھەشتا لە ئەوروپاو، ھێرشەکەی ١١ سێپتەمبەر دوو نموونەی بەرەنجامی ئەم سیاسەتەن. بەواتایەکیتر بە ھەزاران کیلۆمەتر دوور لە نیویۆرک، لە گوندێکی ئەفغانستان نەخشەی لێدانی دوو تاوەرە بازرگانیەکە دادەڕێژرێت. وەک چۆن لەماڵێکدا و لەگەڕەکێکی غەززە یان بەیروت بەرنامەی کوشتن، ڕفاندن یان تەقینەوەکان لە ئەوروپا دادەڕێژران.

بە تێڕوانینێکی سەرپێیی ئاشکرایە کە عاقیبەتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە چاوتروکاندنێکا لە ئەفغانستان چۆن بوو. ئەم کشانەوەیە دەبێتە ھۆی شەڕێکی ئەھلی و تائیفی لە ئەفعانستان کە تەنانەت ھەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەشی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوە دەگلێن. ژێرخانی ئابوری ئەفعانستان دادەڕمێت، کە ئەوەش دەبێتە ھۆی بڵاوبونەوەی ھەژاری و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا. بە کورتی جیھان شاھێدی پوکانەوەی ئەفعانستان دەبێت.

نەبوونی مەرجەعیەتێکی (سیاسی یان مەزھەبی) شیعەکانی عێراقی پەرتەوازە کردوە. گروپە سوننەکان بەھەمان شێوە ھەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن و، ئەمەش وایکردوە متمانە بە یەکتر لە نێوان عەرەبی عێراقدا نەماوە. دام و دازگاکانی دەوڵەتی عێراق ھەتا بیناقاقایان بە گەندەڵیدا ڕۆچوون.



ژێرخانی ئابوری ناوچەی عەرەب نشین داڕماوە. پێگەی عێراق لە پەیوەندە نێودەوڵەتیەکاندا لە سفر نزیک بۆتەوە. بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، نەک وڵاتەکە بارودۆخی لە ئەفعانستان باشتر نابێت، بەڵکو وێرانتر دەبێت. ئەو تێکھەڵقژانە تائیفی و مەزھەبیەی ئێستا ھەیە فراوانتر و قوڵتر دەبێتەوە
.

وڵاتانی ناوچەکە و دەرو دراوسێ ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیشیان بێت بێدەنگ و بێلایەن نابن.

ھەرچی ھەڵبژاردن و حوکمی مەدەنیە ھیچ بەھایەکی لە عێراقدا نامێنێت. تەنانەت ئینقیلابێکی عەسکەریش فریای عێراق ناکەوێت، چونکە ئینقیلابی لەو جۆرە پشت بە سوپایەکی ڕێکخستوو دەبەستێت، کە لە ئێستادا عێراق خاوەنی سوپایەکی مەبدەئی و ڕێکخستوو نیە.

بۆ ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لەوانەیە چیرۆکەکە تۆزێک جیاواز بێت. فراوانی پانتای جموجۆڵی دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان جوڵە دیپلۆماسیەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لایەنی بەھێزی ئێمەن و، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئێمە لەو موئامەرانەی لە ڕابوردو لێمان کراوە شت فێر بووین. ئێمە چیدی یەک تاکە قولاپ ناھاوژینە ناو گۆمەکە، پشتمان بەیەک دەرگا قایم نیە و، پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەشی دوو لایەنەو چەند لایەنەیە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، گەورەترین مەترسی لەسەرئێمە ئەوەیە کە نەکەوینە خۆمان و یەکڕیزی و کۆدەنگیەکی مەبدەئی مسۆگەر نەکەین. ئەوکات ئێمەش دەبینە بەشێک لەو تێکھەڵقژانە خوێناویەی کە دەربازبوون لێی ئەستەم دەبێت. بۆیە لە ئێستادا لە ھەموو شت گرنگتر ئەوەیە کە ئێمەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان کۆ ببینەوە و لەگەڵ یەک و پێکەوە، خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین. چونکە مەبدەئی عێراقکی سەقامگیر ویەکگرتوو دوورە لە ھەموو مەنتیقکی عەقڵانی و سیاسیەوە و لە وەھم زیادتر ھیچیتر نیە.

 

گەلەری