ئێمە لە دۆزەخ، ئەوان لە بەهەشت
بە پارەی ئێمە
PM:09:29:08/11/2025
1900 جار خوێندراوەتەوە
کۆسرەت دڵشاد محەمەد
+
-
کاتێک جادەیەک ئاسفاڵت دەکرێت یان
پاڕکێک دروست دەبێت، دڵنیابە دڵم پێی خۆش دەبێت. بەڵام پرسیارێک هەمیشە بیرم ئاڵۆز
دەکات: ئەم کارە بچووکانە، لە بەرامبەر ئەو سامانە زۆرەی کە بەرپرسان بۆ خۆیان
کۆیان کردووەتەوە، لە چ پێوەرێکدایە؟
چۆن هەزاران بەرپرس و منداڵە
بەرپرسان بوون بە ملیاردێر، خاوەنی کۆمپانیا، هۆتێل، فڕۆکە، باڵەخانەی بڵند لە
کوردستان و دەرەوەی وڵات؟ لە کوێوە هات ئەم هەموو سامانە؟ ئایا بە ماندووی خۆیان؟
یان لە ڕێگەی دزی و تاڵانی داهاتی نەوت و سەرچاوەکانی ئەم میلەتەوە؟ با ڕاستگۆ بین
لەگەڵ یەکتردا: موچەخۆرێک کە ملیۆنان دیناری مافی خۆی لێ دزراوە بە بیانووی
پاشەکەوت، ئێستا بە بڕێکی کەم هەڵهەڵە دەکات کە مانگەو مانگ نایەت بەڵکوو جار وایە
بە دوو مانگ تاخیر دەبێت، منداڵەکانی بە بێ ئومێدی تەماشای دەکەن و ناچار بووە بە
زەلیلی ژیان بکات. لە هەمان کاتدا، بەرپرسێک سەدان ملیۆن، بەڵکو ملیارانی لە ماڵی
گشتی کۆکردووەتەوە، ژیانێکی شاهانە لە کوردستان و دەرەوە دەژی، هیچ لێپرسینەوەیەک
نییە، و هێشتا منەت دەکات بەسەر خەڵکدا بەو کەمە کارانەی دەیکات، ئایا ئەمە
دادپەروەرییە؟
کاتێک موچەخۆرێک بە موچەیەکی کەم
دەست دەکات بە ژیانێکی ئاسایی، لە هەمان کاتدا بەرپرسێک لە پارەی هەمان ئەو میلەتە
باڵەخانەیەکی ملیۆنی دروست دەکات لە دوبەی، پاریس، لاسڤیگاس - ئەمە ئیتر چ ناوێکی
لێ بنێین؟ میلەتێک ژیانی خۆی کردووە بە دۆزەخ بۆ ئەوەی ژیانی بەرپرسان و منداڵ و
بنەماڵەکانیان ببێتە بەهەشت.
دیوێکی تری ئەم تابلۆیە هەم کۆمیدیە
هەم مرۆڤی ژیر دەخاتە گریانەوە، لەم سەرو بەندی ئەم هەڵبژاردنەدا، کەسانی حیزبی
پرۆژەکانی حکومەت دەکەنەوە و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن، لە کاتێکدا
خزمەتکردنی میلەت ئەرکە لەسەر حکومەت، نەک منەت! ئەوان ئەرکیان لێبووە بە منەت و
دەیانەوێت سوپاسیان بکەین بۆ ئەوەی کە مافی خۆمانمان پێبدەن، ئەو پرۆژانەی دەکرێن
بە داهاتی ئەم میلەتە دروست کراون، نەک بە پارەی گیرفانی خۆیان و بنەماڵەکانیان،
هەڵبەت ئەگەر بە پارەی گیرفانی بنەماڵە و حیزبەکانیشەوە دروست بکرێن، هەر دیسان
ئەو پارانە هی خۆمانن، چونکە لە ڕێگای دزیەوە لە سامانی گشتیەوە بەدەستیان هێناون،
قێزەونترین بەشی کارەکە لەوەدایە کە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی پرۆژەکان جێبەجێ
دەکەن، سەر بە دەسەڵاتن جا چ ناڕاستەوخۆ بێت یان راستەخۆ و لە ڕێگای
دەستێوەردانی حیزبیەوە پێیاندەدرێت، واتە: پرۆژەکە بە کۆمپانیای خۆیان دەدرێت،
پاشان بە پارەی ئێمە جێبەجێ دەکرێت، نیوەی پارەکە دەدزرێت ،کەسانی حیزبی
دەیکەنەوە،و لە کۆتاییدا منەتیشمان لەسەر دەکەن! ئەمە چ جۆرە بازنەیەکی داخراوە کە
تێیدا میلەت خەرجی دۆزەخی خۆی دەکات بۆ ئەوەی بەهەشتی کەسانێکی تر بنیاد بنێت؟
پرسیارێکی قورس: خوا چۆن ڕەحم بە
میلەتێک دەکات کە ڕەحم بە خۆی ناکات؟ سی و چوار ساڵە هەمان دەم و چاو هەڵدەبژێرین،
دزی دەبینین و بێدەنگین، بەڵام کە کارێکی بچووک بکرێت هەڵهەڵەی بۆ دەکەین، میلەتی
کورد میلەتێکی خۆشباوەڕە، بەڵام ئەم خۆشباوەڕییە کراوەتە خاڵی لاوازیمان، زوو
لەبیرمان دەچێت، زوو دەبەخشین، کاتێک سەد جار لە هەمان کونەوە دەگەزرێیت، ئایا
کێشەکە لە کونەکەیە یان لە تۆدا؟
چارەسەر ڕوونە: دەبێ لە هەر
بەرپرسێک بپرسرێتەوە لە کوێوە هات ئەم سامانە؟ کاتێک بڕێکی کەم دەدرێت، بەبیرمان
بێتەوە ئەو بڕە گەورەیەش کە دزراوە، چونکە منەت لەسەر مافی نەدراو قەبووڵ نییە.
ئەگەر کەسێک سێ دەیە بەرپرس بێت بەبێ لێپرسینەوە، نابێت دووبارە هەڵیبژێرینەوە.
پێش ئەوەی خوا ڕەحممان پێ بکات، دەبێت خۆمان ڕەحم بە خۆمان بکەین و خۆمان بپارێزین
لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکان.
هەر کارێک دەکرێت بۆ خەڵک، جێی
دەستخۆشیە. بەڵام ئەم دەستخۆشییە نابێت بکرێتە هۆی فەرامۆشکردنی ئەو تاڵانە
گەورەیەی کە لە سامانی ئەم میلەتە دەکرێت. میلەت نابێت لە دۆزەخدا بژی بۆ ئەوەی
بەرپرس لە بەهەشتدا بێت. نابێت بڕێکی کەم بکرێتە منەت بەسەر ئەو کەسەدا کە بڕێکی
زۆر لە مافی خۆی لێ دزراوە. ئەگەر خۆمان ڕەحم بەخۆمان نەکەین، کێ دەیکات؟